ئەمڕۆ چوارشەم 22ی ئایاری 2024، دەستەی کەشناسیی عێراق ڕای گەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کەشوهەوای وڵات ناسەقامگیر دەبێت و پێشبینی دەکرێت شەپۆلێکی بارانبارینی بەلێزمە و هەورەبرووسکە زۆربەی پارێزگاکانی عێراق بگرێتەوە، کە لە ڕۆژی شەموو دەست پێ دەکات و تا ڕۆژی دووشەم بەردەوام دەبێت.
لە بەیاننامەیەکدا دەستەی کەشناسی ئاماژەی بەوە کردووە، پێشبینییەکان بۆ ئەوە دەچن بارانێکی بەخوڕ ببارێت و لەگەڵیدا بایەکی بەهێز هەڵبکات کە لە هەندێک ناوچەدا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ. هەروەها دووپاتی کردەوە کە کەشوهەواکە چالاک دەبێت و ئەگەری دروستبوونی هەورەبرووسکە لە چەندان ناوچە زیاتر دەبێت.
دەستەکە ئەوەشی خستووەتە ڕوو، ئەم دۆخەی کەشوهەوا ڕەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی لافاوی ناوخۆیی لەو ناوچانەی ژێرخانیان لاوازە، هاوکات هۆشداری دا لە ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە هەندێک ڕێگە و ناوچە نزمەکان.
لە هەمان کاتدا، کەشناسیی عێراق داوای لە هاووڵاتییان کردووە وریای خۆیان بن و ڕێکاری پێویست بگرنە بەر بۆ خۆپاراستن لە هەر زیانێکی چاوەڕوانکراو، بەتایبەتی لە ناوچە گوندنشین و بیابانییەکان کە زیاتر بەرکەوتەی مەترسییەکانی بارانی بەلێزمەن.
هەروەها هۆشداری دا لە مەترسییەکانی هەورەبرووسکە، بەتایبەتی لە ناوچە کراوە و بیابانییەکان، و داوای کرد بۆ پاراستنی سەلامەتیی گشتی، لە کاتی ناسەقامگیریی کەشوهەوادا خەڵک لە ناوچە بەرزەکان یان کراوەکاندا نەمێننەوە.
دەستەی کەشناسیی عێراق دووپاتی کردەوە کە بەوردی چاودێریی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا دەکات، و ئەگەر ئاراستەی شەپۆلەکە گۆڕانکاری بەسەردا بێت یان لە ڕۆژانی داهاتوودا بەهێزتر بێت، ئەوا هۆشداری و زانیاریی نوێ بڵاو دەکەنەوە، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان و لایەنە پێوەندیدارەکان لە کاتی خۆیدا ئاگادار بن.