تۆم باراك: لە بەرژەوەندیی ئەمەریكا و ناتۆدایە توركیا فڕۆكەی ئێف 35ی هەبێت

:: AM:10:45:23/04/2026 ‌
تۆم باراك رای گەیاند، پێویستە توركیا رژد بێت لە بەدەستهێنانی فڕۆكەی ئێف 35، ئەمەشی لە بەرژەوەندیی ناتۆ لە قەڵەم داوە.

تۆم باراك لە گوتارێكدا بۆ كەناڵی "فۆكس نیوز" ئاماژەی بەوە كردووە، گەڕانەوەی توركیا بۆ پڕۆژەی بەرهەمهێنان و بەدەستهێنانی فڕۆكەی ئێف-35، لە بەرژەوەندیی بەهێزبوون و پێكەوە كاركردنی هاوپەیمانی ناتۆدایە. 

باراك دووپاتی كردەوە كە توركیا هاوپەیمانێكی زۆر گرنگی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكایە و پێویستە لەو چوارچێوەیەدا مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.

تۆم باراك ڕای گەیاندووە، بەهۆی كڕینی سیستمی بەرگریی ئێس-400ـی ڕووسی لەلایەن توركیاوە، پێوەندیی توركیا و ناتۆ خراپ بوو و ڕووسیا سوودی لەو دۆخە بینیوە. 

باراك پێشبینی دەكات لەسەر بنەمای پێوەندییە بەهێزەكانی دۆناڵد ترەمپ و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، كێشەی ئێس-400 چارەسەر بكرێت.

باراك كە بە كەسێكی نزیكی توركیا دێتە ناسین، لە ناوخۆی ئەمەریكاش گومانی لەسەرە و داوایان كردبوو رێگریی لەو هەڵویستانەی بكرێت، چونكە ئەو نوێنەری ئەمەریكایە نەك توركیا.

لە توركیاش بەهۆی ئەوەی بەردەوام پاڵپشتیی ئەردۆغان دەكات، حەوت حزبی ئۆپۆزسیۆن بەیاننامەیەكیان دژی بڵاو كردەوە و داوایان كرد لەناو توركیادا دەربكرێت.



وشە - سۆران عەزیز