وەزیری ناوخۆی پاكستان ئەمڕۆ پێنجشەم ئاشكرای كرد، ئیسلام ئاباد چاوەڕوانی بەدیهێنانی پێشكەوتن لە بەردەوامی هەوڵەكانی بۆ دانوستان لە نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و كۆماری ئیسلامیی ئێران دەكات، دووپاتیشی لەسەر گرنگیدان بە بەردەوامی كەمكردنەوەی گرژییەكان كردەوە.
حوسێن نەقوی وەزیری ناوخۆی
پاكستان، لەمیانەی دیداری لەگەڵ باڵوێزی ئەمەریكا لە ئیسلام ئاباد ناتالی بیكەر گوتی، بڕیاری سەرۆك ترەمپ بۆ درێژكردنەوەی وادەی ئاگربەست هەنگاوێكی گرنگ بوو، بە ئاراستەی ئارامكردنەوەی دۆخەكە و كردنەوەی دەرگە بۆ چارەسەری كێشەكان لە ڕێی سیاسەت و دانوستانەوە.
نەقوی هیوای خواست كە هەریەك لە واشنتن و تاران، دەرفەتەكە بقۆزنەوە و بەردەوام بن لە پێوەندی و پەنابردن بۆ چارەسەری دیپلۆماسی و ئاشتییانە.
ڕۆژی هەشتی نیسان/ئەپریل بە ناوەندگیری پاكستان، ئاگربەست لە نێوان ئەمەریكا و ئێران بۆ ماوەی دوو هەفتە ڕاگەیەنرا، جارێكیش دانیشتنی ڕاستەوخۆ لە نێوان شاندی ئەمەریكا و ئێران لە ئیسلام ئاباد ئەنجام درا، دوێنێ چوارشەم دوا ڕۆژی ئاگربەستە دوو هەفتەییەكە بوو و بڕیار بوو گەڕی دووەمی دانوستان لە نێوان هەردوولا ئەنجام بدرێت، بەڵام تا ئێستە هەردوولا نەگەیشتوون بە ڕێككەوتن لەبارەی كات و ناوەڕۆكی دانیشتنەكە، بەوهۆیەشەوە ترەمپ لەسەر داوای پاكستان ئاگربەستی بۆ ماوەیەكی نادیار درێژ كردەوە.