"بۆ خنكاندنی میلیشیاكان واشنتن ئابووری عێراق دادڕێژێتەوە"

:: PM:07:35:23/04/2026 ‌

لە ماوەی دوایی هاوكات لەگەڵ رژدبوونی هەوڵی دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران و پێكهێنانی حكوومەتی عێراق، بەتایبەتی لە دوای سەردانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران بۆ بەغدا، هەواڵەكان باسی راگرتنی رەوانەكردنی دۆلاریان لە ئەمەریكاوە بۆ عێراق كرد، ئەوەش مەترسیی كەمبوونەوەی دۆلار بۆ پڕكردنەوەی پێویستیی بازرگانی دەرەكی و هاوەردەكردن دروست كرد. 

لەوكاتەی عێراق بەتەواوەتی پشت بە دۆلاری ئەمەریكی بۆ دابینكردنی خەرجیی مادە و كاڵا هاوردەكراوەكان و بازرگانی دەرەكی دەبەستێت، رۆژنامەكانی "رۆڵ ستریت جۆرناڵ"، و "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكی ئاماژە دەكەن كە سەرۆك ترەمپ رەوانەكردنی بارە دۆلارەكانی بۆ عێراق وەستاندووە، دەست پێكردنەوەی رەوانەكردنیشی بە توندكردنی چاودێری لەسەر سیستمی دارایی بەستووەتەوە، رێگرتن لە گەیشتنی دۆلار بۆ میلیشیاكانی سەر بە ئێران، وەك عەسائیب ئەهلولحەق و كەتیبەكانی حزبولا، كە واشنتن بە ئەنجامدانی هێرشەكان بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی لە عێراق تۆمەتباریان دەكات.

محەمەد تەمیمی توێژەری سیاسی دەڵێت، بڕیارەكەی ئەمەریكا راستەوخۆ پێوەندی بە دۆسیەی میلیشیا چەكدارەكانی عێراقەوە هەیە، واتە تەنیا رێوشوێنێكی دارایی نییە، واشنتن هەوڵ دەدات دۆلار وەك ئامرازێكی گوشار بۆ ناچاركردنی بەغدا بۆ كۆنترۆڵكردنی هاتوچۆی پارە و رێگرتن لە گەیشتنی بە دەستی میلیشیاكان بەكاربێنێت.

زیاتر گوتی، ئەمەریكا وەك بەشێك لە شەڕێكی فرەوانتر لەگەڵ ئێران سەیری سیستمی دارایی عێراق دەكات، بۆیە هەوڵ دەدات بۆ لێكهەڵوەشاندنەوەی ئەو كەناڵانەی بوار بە میلیشیاكان دەدەن بۆ گەیشتنی دەستیان بە دۆلار، بۆیە عێراق لەناو جەرگەی ململانێكانە و ئەوەش وای كردووە بكەوێتە ژێر گوشاری زیاتری ئابووری.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل