ئەمڕۆ پێنجشەم 23ی نیسانی 2026، میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردەوە کە تەلئەبیب چووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕ لەگەڵ ئێران، لە هەمان کاتدا فڕۆکەی نوێی ئەمەریکی گەیشتوونەتە ئیسرائیل.
بەرپرسێکی ئەمەریکی بە تۆڕی "سی ئێن ئێن"ـی ڕاگەیاندووە کە ئەمەریکا لە ئێستەدا 19 کەشتیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، کە دوانیان کەشتیی فڕۆکەهەڵگرن.
لە لایەکی ترەوە، کەناڵی 15ـی ئیسرائیلی ئاشکرای کرد کە فڕۆکەی تری ئەمەریکی تایبەت بە دابینکردنی سووتەمەنی لە ئاسماندا گەیشتوونەتە ئیسرائیل.
هاوکات کەناڵی 13ـی ئیسرائیلی دووپاتی کردەوە کە ئیسرائیل لە حاڵەتی ئامادەباشیدایە بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕ لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا، ئاماژەی بەوەش دا کە سوپای ئەمەریکا لە ڕێگەی پردێکی ئاسمانییەوە بەردەوامە لە گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی بۆ ناوچەکە.