ئەمڕۆ پێنجشەم 23ی نیسانی 2026، سوپای ئەمەریکا گەیشتنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "یوو ئێس ئێس جۆرج ئێچ دەبلیوو بوش"ـی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاگەیاند، بەمەش ژمارەی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا بوو بە سێ کەشتی.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم) لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردەوە، فڕۆکەهەڵگرەکە "لە 23ی نیسان لە زەریای هیندیدا بووە و لە چوارچێوەی ناوچەی بەرپرسیارێتیی فەرماندەیی ناوەندیدا کاری کردووە." هاوکات وێنەیەکی بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا ڕووی کەشتییەکە پڕە لە فڕۆکەی جەنگی.
لە لایەکی ترەوە، هێزەکانی ئەمەریکا گەمارۆیەکی دەریاییان سەپاندووە کە ئامانج لێی ڕێگریکردنە لە بازرگانیی دەریایی ئێران. ئۆپراسیۆنەکان بەتایبەتی لە دەوروبەری بەندەرە سەرەکییەکانی ئێران وەک چابەهار، بەندەر عەباس، بووشەهر و خارگ چڕ کراونەتەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی سیاسەتێکدا بۆ خستنەسەر فشاری زیاتر بۆ سەر دەماری ئابووریی ئێران.
ئێستە لە دەوروبەری قەیرانەکەدا سێ گرووپی شەڕکەری فڕۆکەهەڵگری ئەمەریکی هەن، لەوانە "ئەبراهام لینکۆڵن" و "جۆرج بوش"، کە پاڵپشتی دەکرێن بە باڵێکی ئاسمانیی پڕچەک بە فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف 35ی شاراوە (شبح)، ئێف ئەی 18، فڕۆکەی جەنگیی ئەلیکترۆنی ئی ئەی 18 جی، لەگەڵ فڕۆکەکانی سەرکردایەتی و کۆنترۆڵ، کۆپتەرەکان و فڕۆکەکانی پاڵپشتیی لۆجستی. ئەمەش وەک یەکێک لە گەورەترین مۆڵدان و کۆبوونەوەی هێزە دەریاییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا لە ماوەی چەندان ساڵی ڕابردوودا هەژمار دەکرێت.