تاران وەڵامی ترەمپ دەداتەوە: هەموومان یەکگرتووین و ململانێی ناوخۆییمان نییە

:: PM:10:56:23/04/2026 ‌
ئەمڕۆ پێنجشەم 23ی نیسانی 2026، موجتەبا خامنەیی ڕابەری نوێی ئێران، هۆشداریی دا لە هەڵمەتێکی "ڕاگەیاندنی دوژمنکارانە" کە یەکڕیزیی نیشتمانی و ئاسایشی نەتەوەیی دەکاتە ئامانج. دووپاتی کردەوە کە یەکڕیزیی ئێران بەهێزتر دەبێت، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا کە ڕای گەیاندبوو ئێران لە ململانێی ناوخۆیدایە.

ڕابەری ئێران لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، هەڵمەتی ڕاگەیاندنی دوژمن هەوڵی تێکدانی یەکڕیزیی نیشتمانی و ئاسایشی نەتەوەییمان دەدات." دووپاتی کردەوە، "یەکڕیزیی ئێران بەهێزتر دەبێت و نابێت هەوڵە پیسەکانی دوژمن بۆ تێکدانی یەکڕیزییمان سەربگرێت.

پێشتر لە ئەمڕۆدا، هەریەک لە محەمەدباقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمان و مەسعوود پزیشکیان سەرکۆماری ئێران، لە پۆستەکانیاندا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دووپاتیان کردەوە کە هیچ جیاوازییەک نییە لە نێوان توندڕەو یان میانڕەو لە ئێراندا، ڕوونیان کردەوە کە سەرجەم ئێرانییەکان یەکگرتوون و لە دەوری سەرکردایەتییەکەیان کۆ بوونەتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ترەمپ ئەمڕۆ پێنجشەم ڕای گەیاندبوو، ئێران لە ناو پێکهاتەی سەرکردایەتییەکەیدا لە دۆخێکی پشێوی و سەرلێشێواویدایە و دووپاتی کردەوە کە لە ئێستەدا نازانن کێ سەرکردایەتییان دەکات. هەروەها گوتی، "سەرکردە توندڕەوەکانی ئێران شکستی گەورە لە گۆڕەپانی شەڕدا دەخۆن، لە کاتێکدا میانڕەوەکان ڕێزی زیاتر بەدەست دەهێنن."

ترەمپ دوو ڕۆژ لەمەوبەر درێژکردنەوەی ئاگربەستەکەی ڕاگەیاند بۆ پێدانی دەرفەت بە دانوستانەکان، بەڵام هۆشداریی دا کە ئەمە "دوایین دەرفەتە" بۆ ئێران تا وەڵامێکی یەکگرتوو بداتەوە. بڕیار بوو پاکستان لەم ڕۆژانەدا میوانداریی گەڕێکی نوێی دانوستانەکان بکات، بەڵام بەهۆی پەرەسەندنەکانی نێوان هەردوولا شکستی هێنا. ئێستەش تاران واشنتن بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکات بەهۆی گەمارۆی سەر بەندەرەکانی، لە کاتێکدا ئەمەریکا دووپاتی دەکاتەوە کە تا نەگەیشتن بە ڕێککەوتنێکی چوارچێوەیی، گەمارۆکان هەڵناگرێت.


وشە - پۆڵا مەحموود