ترەمپ: سوپای ئێران بەتەواوی تێکشکاوە و 20 ساڵی دەوێت بۆ بونیادنانەوە

:: PM:11:48:23/04/2026 ‌
ئەمڕۆ پێنجشەم 23ی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، هەڕەشەی توندی لە ئێران کرد و ڕای گەیاند، ئەگەر نەگەنە ڕێککەوتن، ئەوا ئەوەی لە ئامانجە سەربازییەکانی ئێران ماوەتەوە، لەناوی دەبەن.

ترەمپ لە لێدوانێکدا گوتی، "75%ـی ئامانجەکانمان لە ئێران وێران کردووە، ئەگەر ڕێککەوتنمان لەگەڵ واژوو نەکەن، ئەوەی ماوەش لەناوی دەبەین." 

دووپاتی کردەوە کە سوپای ئێران بەتەواوی تێکشکاوە و ئێرانییەکان پێویستیان بە نزیکەی 20 ساڵ دەبێت بۆ دووبارە بونیادنانەوەی ئەوەی ئێمە وێرانمان کردووە. لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوە دا کە ڕەنگە ئێران لەو دوو هەفتەیەی ئاگربەستدا خۆی پڕچەک کردبێتەوە، بەڵام گوتی، "تەنیا چەند بەلەمێکی بچووک لە هێزی دەریایی ئێران ماونەتەوە و ئەوانیش لەناو دەبەین.

سەرۆکی ئەمەریکا باسی لە دۆخی ناوخۆی ئێرانیش کرد و ڕای گەیاند، ئێرانییەکان نازانن کێ سەرکردایەتیی وڵاتەکەیان دەکات، سەرکردایەتییە نوێیەکەشیان لە ململانێیەکی توندی ناوخۆیدایە، ئێمە ئەم پشێوییەمان بۆ دروست کردن دوای ئەوەی زیاتر لە ئاستێکی سەرکردەکانمان لەناو بردن. هەروەها گوتی، لایەنی ئێرانی دەیەوێت ڕێککەوتن بکات و پێوەندییان لەگەڵدا دەکرێت، بۆیە بڕیارمان داوە دەرفەتێکیان پێ بدەین بۆ چارەسەرکردنی ململانێ ناوخۆییەکانیان پێش ئەوەی هەنگاو بۆ دانوستان بنێین.

ترەمپ دووپاتی کردەوە، لەسەر پرسی ئێران لەژێر هیچ فشارێکی کاتیدا نین، بەڵکوو لایەنی ئێرانییە پێشبڕکێ لەگەڵ کاتدا دەکات بۆ ڕێگریکردن لە داڕمانی کەرتی وزە. گەمارۆکەمان بەردەوام دەبێت تا ئێرانییەکان ڕێککەوتن واژوو دەکەن. سەبارەت بە گەرووی هورمزیش ڕای گەیاند، کۆنترۆڵی تەواوی گەرووی هورمزمان کردووە و کاتێک دەکرێتەوە کە بگەینە ڕێککەوتن یان شتێکی تر ڕوو بدات. هەروەها پێشنیازێکی ئێرانم بۆ کردنەوەی گەرووەکە ڕەت کردووەتەوە، چونکە ئەوە دەبووە هۆی دەستکەوتنی 500 ملیۆن دۆلاری ڕۆژانە بۆیان.

لە کۆتاییدا ترەمپ ئاماژەی بەوە دا کە "بازاڕە داراییەکان پێچەوانەی پێشبینییەکان بەرزبوونەوەی پێوانەییان تۆمار کردووە." جەختیشی لەوە کردەوە، "هیچ شتێک لەوە خراپتر نییە ئێران چەکی ناوکی بەدەست بهێنێت و ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی پێ وێران بکات."


وشە - پۆڵا مەحموود