ئەمەریکا هۆشداریی کۆتایی دەداتە ئێران: لەناوتان دەبەین

:: PM:03:47:24/04/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی 24ی نیسانی 2026، پیت هێگسێس وەزیری بەرگریی ئەمەریکا، دووپاتی کردەوە کە پێنتاگۆن لەوپەڕی ئامادەباشی و توانای تەواوی جەنگیدایە، ئەوەش لەگەڵ بەرزبوونەوەی گرژییەکانی ناوچەکە و بەردەوامبوونی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان دژی ئێران.

هێگسێس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە پێنتاگۆن ڕای گەیاند، ئۆپراسیۆنی "تووڕەیی داستانی" (Operation Epic Fury) لە ماوەیەکی کورتدا "ئەنجامی یەکلاکەرەوە"ی بەدەست هێناوە. ئاماژەی بەوە دا کە ئەم شەڕە جیاوازە لە شەڕەکانی پێشتر لە کۆریا، ڤێتنام، عێراق و ئەفغانستان، بەتایبەتی لە ڕووی ڕوونیی ئامانجەکان و تەرکیزکردن لەسەر ڕێگریکردن لە ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناوکی.

وەزیری بەرگریی ئەمەریکا ڕوونی کردەوە کە هێزەکانیان گەمارۆیەکی دەریایی "ئاسنین"ـیان سەپاندووە کە لە کەنداوی عومانەوە تا زەریا کراوەکان درێژ دەبێتەوە. هێزی دەریایی ئەمەریکا ڕێگری لەو کەشتییانە دەکات کە دەچنە ناو بەندەرەکانی ئێران یان لێیان دەردەچن، تەنیا ڕێ بە ژمارەیەکی دیاریکراوی کەشتیی نائێرانی دەدرێت تێپەڕ بن. 

هەروەها ئۆپراسیۆنەکان دەستبەسەرداگرتنی ئەو کەشتییانەشی گرتووەتەوە کە بە "کەشتیگەلی سێبەر"ی ئێران ناسراون لە ناوچەی زەریای هیندی و هێمن. بۆ بەهێزکردنی ئەم هەنگاوانەش، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگری تر ڕەوانەی ناوچەکە دەکرێت.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، هێگسێس سوپای پاسدارانی ئێرانی بە ئەنجامدانی "ڕەفتاری تیرۆریستی" لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا تۆمەتبار کرد، لە ڕێگەی بەئامانجگرتنی کەشتییەکان و چاندنی مین. دووپاتیشی کردەوە کە ئەمەریکا کۆنترۆڵی هاتوچۆی کەشتیوانیی جیهانی لە ناوچەکەدا کردووە و ئێرانیش تەنیا دوو بژاردەی لەبەردەمدایە؛ یان بەشێوەیەکی سەلمێنراو دەستبەرداری بەرنامە ناوکییەکەی بێت، یان ڕووبەڕووی فشار و گەمارۆی زیاتر ببێتەوە.

لە کۆتاییدا ئاشکرای کرد کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، دەسەڵاتی تەواوی داوەتە هێزە دەریاییەکان بۆ بەئامانجگرتنی هەر هەڕەشەیەک لە گەرووی هورمز، لە نێویاندا بەلەمی خێرا کە هەوڵی پەکخستنی کەشتیوانی دەدەن. هاوکات داوای لە وڵاتانی هاوپەیمان، بەتایبەتی ئەوروپا کرد، بەکردەیی بەشداری بکەن لە پاراستنی ڕێڕەوە دەریاییەکان، چونکە ئاسایشی گەرووی هورمز بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە و تەنیا لەسەر شانی ئەمەریکا نییە.


وشە - پۆڵا مەحموود