بەها ئەعرەجی سەركردە لە هاوپەیمانییەكەی
سوودانی ئاشكرای دەكات ئەمەریكا دوو داوای لە عێراق هەیە، یەكەمیان ئەوەیە بە تەواوی
مووچەی حەشدی شەعبی ببڕێت و دووەمیش لە هەندێك میلیشیا بدات. میدیای عێراقیش
ئاشكرای دەكات سزاكانی ئەمەریكا فراوانتر دەبێت و دوایین پەیامی ناڕەزاییش بە
فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق دراوە.
ئەمڕۆ هەینی 24ی نیسان كەناڵی وەن نیوز لێدوانێكی
بەها ئەعرەجی سەركردە لە هاوپەیمانی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدانی بڵاوكردووەتەوە و
كە بە راشكاوی دەڵێ، "ئەمەریكا داوای كردووە حكوومەتی عێراق مووچەی حەشدی شەعبی
ببڕێت و دووەمیش دەبێت لە هەندێك هێزی میلیشیاكان بدرێت".
جیا لە لێدوانەكە كەناڵەكە ئاشكرای دەكات
دوایین پەیامی ناڕەزایی بە فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق داوە و دووپاتی ئەوە
كراوەتەوە ئەمەریكا مامەڵە لەگەڵ هیچ حكوومەتێكی عێراق ناكات، كە میلیشیاكان پشتیوانی
بكەن. كەناڵە عێراقییەكە باسی لەوەیش كردووە، ئەگەری هەیە سزاكانی ئەمەریكا بۆ ناو
پەرلەمانی عێراقیش درێژ بكرێتەوە چونكە زیاتر لە 50 پەرلەمانتاری عێراق سەر بەو میلیشیایانەن
كە لە لیستی سزاكانی ئەمەریكادان.
ئەمریكا لە ماوەی ئەمساڵدا دەیان جار گوشاری
خستووەتە سەر حكوومەتی عێراق بۆ ئەوەی میلیشیاكانی سەربە ئێران لە پرۆسەی سیاسی
دوور بخاتەوە.