میدیای عێراق بەڵگەیەكیان بڵاوكردووەتەوە، بەگوێرەی بەڵگەكە لە نەجەف زەوییەكی سێ هەزار مەتری تەنیا بە 10 هەزار دینار بە دامەزراوەی شەهیدی میحراب دراوە كە دەزگایەكی عەمار حەكیمە، لە كاتێكدا بەهای زەوییەكە لە بازاڕدا 30 ملیار دینارە.
ئەمڕۆ هەینی 24ی نیسان ماڵپەڕە عێراقییەكان بەڵگەیەكیان بڵاوكردووەتەوە بەگوێرەی بەڵگەكە دەردەكەوێت زەوییەكی سێ هەزار مەتری كە كاتی خۆی "دائیرەی ئەمن"ی رژێمی پێشوو بووە، لە ناوەڕاستی نەجەف بە دامەزراوەی شەهیدی میحراب دراوە، كە ئەمە دەزگاییەكی ئایینیە بەڵام سەربە عەمار حەكیمی سەرۆكی رەوتی حیكمەیە.
ئەكرەم شەربە سەرۆكی لیژنەی شارەوانی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەجەف رەوتی حیكمە بە بردنی زەوییەك تۆمەتبار دەكات و دەڵێ، ئێستە بەهاكەی لە 30 ملیار دینار زیاترە. پێشتر وا بڵاوكرایەوە ئەو زەوییە ئێستە بە رەوتی حیكمە دراوە، بەڵام بەگوێرەی بەڵگەكە دەردەكەوێت ئێستە لیژنەی بۆ پێكهێنراوە ئەگینا لە 2005 زەوییەكە بە بڕیارێكی سەرۆكی حكوومەتی ئەو كات بە دەزگای شەهیدی میحراب دراوە.