بەهۆی كێشەكانی پارێزگای حەسەكە یەكەم دانیشتنی ئەنجوومەنی گەلی سووریا دوا دەخرێت

:: AM:08:45:25/04/2026 ‌
بریار بوو یەكەم دانیشتنی ئەنجوومەنی گەلی سووریا لە كۆتایی مانگی نیسانی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی ڕێكارە ئیداری و سیاسییەكان لە پارێزگای حەسەك  دوادەخرێت.

دەسەڵاتدارانی كاتی سووریا لەدیمەشقەوە هەمووشتێكیان تەواو كرد، دەستوور، پەرلەمان و زۆر دەزگا و دامەزراوەی تر، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەشێك لە خاكی وڵاتەكەیان وەك رۆژئاوای كوردستان و پارێزگای سوەیدا لەسەر نەخشە سیاسیەكەیان نەبوو  ناچار بوون  كارەكانیان بەتەواو نەكراوی جێبهێڵن.

دوای رێككەوتنەكەیان لەگەڵ هەسەدە ئەحمەد شەرع  ڕای گەیاند، یەكەم دانیشتنی ئەنجوومەنی گەلی وڵاتەكەی لە كۆتایی مانگی نیسانی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت.

ئەگەرچی ریككەوتنیان لەگەڵ هەسەدە هەیە و رۆژانە خەریكی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەن، بەڵام هێشتا بەهۆی ئاستەنگەكانەوە ناتوانرێت ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بەشداری لەبریاری سیاسی و ئیداری سووریا بكەن.

بەهۆی تەواونەبوونی ڕێكارە ئیداری و سیاسییەكان لە پارێزگای حەسەكە لە ڕۆژئاوای كوردستان، یەكەم دانیشتنی خولی نوێی ئەنجوومەنی گەل (پەرلەمان)ـی سووریا لەوادەی دیاریكراوی خۆی ئەنجام نادرێت.

سەرچاوە ئاگادارەكان بۆ ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت ئاشكرایان كردووە، پێناچێت دەسەڵاتدارانی سووریا بتوانن پابەندی ئەو وادەیە بن كە سەرۆكی سووریا ڕایگەیاندووە و پێشبینی دەكرێت یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی سووریا بۆ كۆتایی هەفتەی یەكەمی مانگی ئایاری داهاتوو دوابخرێت.




وشە - سۆران عەزیز