چاودێرێكی سیاسی: بە روونكردنەوەكەی دژەتیرۆریان دەركەوت یەكێتی شڵەژاوە

:: PM:03:32:25/04/2026 ‌
دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەكانی ئەو چەكانەی ئەمەریكا كە لەناو بارەگایەكی دژەتیرۆری سلێمانی (CTG) حەشار درابوون، ئەو دەزگایە ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە كە تێیدا لەبری وەڵامی لۆجیكی، پەنای بۆ هێرشی كەسی و زمانی زبر بردووە، چاودێرانی سیاسی دەڵێن: "ئەم ڕاگەیەنراوە نیشانەی تەنگژەیەكی قووڵ و ترسی ئاشكرابوونی ڕاستییەكانە".

چاودێرێكی سیاسی كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، لە لێدوانێكی بۆ ''وشە'' رای گەیاند، "نووسینەكەی دژەتیرۆری سلێمانی نموونەی "بەرگرییەكی هێرشبەرانەیە". كاتێك لایەنێك لە فەزاحەتێكی گەورەدا دەگلێت و هیچ بەڵگەیەكی بۆ بێتاوانیی خۆی نییە، پەنا دەباتە بەر شێوازێك كە لە دەروونناسیدا پێی دەگوترێت "گواستنەوەی تۆمەت، بۆ ئەوەی سەرنجەكان لەسەر تاوانەكە لابدات".

لەبارەی بەو بڕگەیەی دژەتیرۆر كە باس لە "شارەزایی سەربازی" دەكات، ئەو چاودێرە گوتی: "ئەمە گوتارێكی بازاڕییە و نیشانەی لاوازییە. دەیانەوێت بەو شێوازە متمانەی خوێنەر بەدەست بێنن و وای نیشان بدەن كە ئەوان تێگەیشتوون، و ئەمان تێنەگەیشتوو، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە هەوڵێكە بۆ داپۆشینی ئەو چەكە ئەمەریكییانەی كە بردوویانە".

ئەو چاودێرە تیشكی خستە سەر ئەوەی كە دژەتیرۆر لەبری وەڵامی چارەنووسی چەكەكان، باسی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كردووە. ئەو دەڵێ: "ئەمە نیشانەی شكستە''. دەیانەوێت كێشەكە بكەنە كەسی و سەرنجی خوێنەر لەسەر چەكە دزراوەكان لابدەن. گوتیشی، ئەگەر دەرزییەكیش لە زۆنی سەوزدا ون بێت، یەكێتی و دژەتیرۆر لێی بەرپرسن، چونكە ئەوان دەسەڵاتییان لە زۆنەكەدا هەیە.

جێی ئاماژەیە كە شەوی ڕابردوو گرتەیەكی بەڵگەی ڤیدیۆیی بڵاو كرایەوە، كە پێشانی دەدات چەكەكانی ئەمەریكا لای دژەتیرۆری یەكێتییە و ئەوان دزیویانە. 



وشە - تایبه‌ت