عێراقچی ئیسلام ئاباد جێدێڵێت و داواكارییەكانی تاران رادەستی پاكستان دەكات

:: PM:05:30:25/04/2026 ‌

لە دوای ئاگربەستە كاتییە دوو هەفتەییەكەی نێوان ئەمەریكا و ئێران، كە یەك گەڕی دانوستانی راستەوخۆی لە ئیسلام ئاباد تیادا بەڕێوە چوو، هەفتەی رابردوو سەرۆكی ئەمەریكا بۆ بواردانی زیاتر بە هەوڵە دیپلۆماسییەكان ئاگربەستەكەی بۆ ماوەیەكی نادیار درێژ كردەوە، پاكستان لە هەوڵەكانی بەردەوامەن ئەمڕۆ ئێران داواكارییەكانی رادەستی پاكستان كرد.

ئەمڕۆ شەموو جارێكی هەوڵەكانی پاكستان بۆ سازكردنی دووەم گەڕی دانوستانە راستەوخۆكانی ئێران و ئەمەریكا شكستی هێنا، كاتێك عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە ئیسلام ئاباد چاوی بە بەرپرسانی باڵای پاكستان كەوت و هەڵوێست و داواكارییەكانی تارانی رادەست كردن، ئەو بێ كۆبوونەوە لەگەڵ شاندی ئەمەریكا وڵاتەكەی جێهێشت.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران رای گەیاند كە لە میانی سەردانەكەی بۆ ئیسلام ئاباد، كە دوێنێ دەستی پێ كرد، ئەمڕۆ عێراقچی لە دیدارێكی لەگەڵ شەهباز شەریف سەرۆك وەزیرانی پاكستان، هەڵوێستی وڵاتەكەی لەبارەی كۆتاهاتانی شەڕ روون كردەوە، ئاماژەی بۆ بەردەوامیی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر لبنان كرد، هاوكات ستایشی هەوڵەكانی ئیسلام ئابادی بۆ وەستانی شەڕ و كۆتاهاتنی لە رێگەی مێوانداریكردنی دانوستانەكان كرد.

بەپێی میدیاكان داواكارییەكانی ئێران بۆ وەستانی شەڕ كە رادەستی پاكستان كراوە، بریتییە لە لابردنی گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەكانی ئێران و وەستانی هەڕەشەكانی ئەمەریكا و بەردەوامیدان بە هێرشەكانی، جیا لە پاشگەزبوونەوە لە مەرجە قورسەكانی، لەوانە دەستبەرداربوونی تەواوەتیی ئێران لە پیتاندنی یۆرانیۆم.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل