راستەوخۆ لە دوای راگەیاندنی ئەنجامە سەرەتاییەكانی هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق، چوارچێوەی هاوئاهەنگی خۆی وەك گەورەترین فراكسیۆن راگەیاند و دەستی بە هەوڵەكانی پێكهێنانی حكوومەت كرد، كەچی تا ئەو ساتەش نەیتوانیوە بەسەر ناكۆكییەكانیدا زاڵ بێت و كاندیدی سەرۆكی حكوومەت دیاری بكات.
لەوكاتەی كۆبوونەوەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە دەوای یەك شكست دێنن، كە دوایینیان هی ئەمشەو بوو،
شێخ هومام حەموودی سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی ئاماژە بۆ میكانیزمی دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران دەكات و باسی ئەوە دەكات چوارچێوەی هاوئاهەنگی سێ ئامانجی سەرەكی لەبەرچاو گرتووە.
لە بەیاننامەیەك روونی كردەوە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی سێ ئامانجی بۆ دیاریكردنی سەرۆك وەزیران دیاری كردووە، قبووڵكراویی نیشتمانی، پابەندی بە دیدی مەرجەعیەتی باڵا و بەرجەستەكردنی بەرژەوەندییە باڵاكانی عێراق.
روونی كردەوە، دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران لە رێگەی دەنگی هەڵبژاردن و ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان و هێزە نیشتمانییەكان لەناو پەرلەمان دەبێت، چوارچێوەی هاوئاهەنگی سوورە لەسەر ئەوەی كاندیدی سەرۆك وەزیران توانای سەركەوتنی لە بەڕێوەبردنی پۆستەكەی هەبێت و كۆدەنگیی هێزەكانی چوارچێوەی لەسەر بێت.