بژارەكانی بەردەم شیعە چین؟

:: PM:08:33:25/04/2026 ‌

بڕیار بوو ئەمشەو شیعە خۆیان لەبارەی كاندیدی سەرۆك وەزیران یەكلا بكەنەوە، بەڵام بۆیان نەكرا، ئەوەش بەر لە كۆتاهاتنی وادەی دەستووریی دیاریكراو بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران بۆ راسپاردنی كە 15 رۆژە و سبەی یەكشەم تەواو دەبێت، سەرچاوەیەك باسی ئەوە دەكات گوشارەكانی ئەمەریكا دۆخی ناو چوارچێوەی زۆر ئاڵۆز كردووە. 

لە بەیانیی ئەمڕۆ شەمووەوە هەوڵێكی زۆر هەیە بۆ لێكنزیككردنەوەی هێزە سیاسییەكانی شیعە بۆ رێككەوتن و دیاریكردنی میكانیزمی دیاریكردنی كاندیدێك، لەوانە دەنگدانی نهێنیی ناوخۆیی بۆ دیاریكردنی كاندیدەكە و بە كۆی دەنگ كەسێك دیاری بكەن، سەرچاوەیەكی سیاسی دەڵێت، خاڵی زۆر ئاڵۆز بریتییە لە پەیامەكانی ئەمەریكا و ئاماژەكردن بۆ سزاكانی ئەگەر كەسێك دیاری بكرێت لە تارانەوە نزیك بێت، واتە رەتكردنەوەی ئەمەریكا تەنیا بۆ نووری مالیكی نییە.

روونی كردەوە، بۆیە ناكۆكییەكە ئێستە لە نێوان رەتكردنەوەی ملكەچییە بۆ ئەمەریكا و وریاییدانە لە رووبەڕووبوونەوەی، ئێستە چوارچێوەكە تاوتوێی چوار ناو وەك كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیران دەكات، محەمەد شیاع سوودانی و ئیحسان عەوادی و باسم بەدری و حەیدەر عەبادین، عەلی تەمیمی شارەزای دەستووری دەڵێت، مادەی 76ی دەستوور باسی ئەو بابەتە دەكات.

زیاتر گوتی، بۆ دروستنەبوونی بۆشایی دەستووری، دەستوور و دادگای فیدراڵی ئەو بابەتەیان یەكلا كردووەتەوە، بەوەی رۆژانی پشوو لە وادە 15 رۆژییەكە حسێب ناكرێت، لە حاڵەتی كاندیدنەكردنیش، وەك ئەوەی تا ئێستە هەیە، پەنا بۆ دادگای فیدراڵ دەبردرێت بۆ ئەوەی ناكۆكییەكان یەكلا بكاتەوە.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل