ئەمڕۆ شەموو 25ی نیسانی 2026، بنیامین نەتەنیاهوو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی دا بە "هێزێکی زۆر"ەوە ئامانجەکانی حزبوڵای لبنانی بۆردمان بکەن.
نووسینگەی نەتەنیاهوو لە ڕاگەیەنراوێکدا دووپاتی کردەوە، سەرۆک وەزیران فەرمانی بە سوپای ئیسرائیل کردووە کە ئامانجەکانی حزبوڵا لە لبنان بۆردمان بکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە دەستەی پەخشی ئیسرائیلی ئێوارەی ئەمڕۆ ڕای گەیاندبوو، سوپای ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر باشووری لبنان، ئەوەش دوای ئەوەی حزبوڵا چەندان مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاراستەی پێگە ئیسرائیلییەکان کرد.
هەڵدانی ئەو مووشەکانەش لەلایەن حزبوڵاوە هاوکات بوو لەگەڵ بەردەوامیی بۆردمانە پچڕپچڕەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لبنان لە ڕۆژی شەموودا، کە تێیدا چەندان باڵەخانەی لە ژمارەیەک گوند خاپوور کرد و چوار لبنانیشی لە بۆردمانێکدا بۆ سەر شارۆکەی یەحمەر شەقیف لە پارێزگای نەبەتییە کوشت، ئەمەش سەرەڕای بڕیاری درێژکردنەوەی ئاگربەست. هەروەها سوپای ئیسرائیل هۆشداریی داوەتە دانیشتووان کە نەگەڕێنەوە بۆ گوندەکانی باشووری لبنان و ئەو سێ دۆڵەی دەوروبەری.