ترەمپ: ئێرانییەکان لە نێوان خۆیاندا شەڕ دەکەن و ئاگربەستم هەڵنەوەشاندووەتەوە

:: PM:10:10:25/04/2026 ‌
ئەمڕۆ شەموو 25ی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، دووپاتی کردەوە کە ئێرانییەکان لە نێوان خۆیاندا لە شەڕدان و ئەویش پاشگەز نەبووەتەوە لە بڕیاری ئاگربەست لەگەڵ تاران.

ترەمپ لە لێدوانێکدا ڕای گەیاند، ئێرانییەکان لە نێوان خۆیاندا شەڕ دەکەن، بەڵام ئێمە ئامادەین مامەڵە لەگەڵ هەر لایەنێک بکەین کە وڵاتەکە بەڕێوە دەبات. دووپاتیشی لەوە کردەوە کە تاران نابێتە خاوەنی چەکی ناوکی و ئەمە پرسێکی یەکلابووەوەیە.

سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی گەشتی شاندە ئەمەریکییەکە بۆ ئیسلام ئاباد کە بڕیار بوو لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کۆ ببنەوە، ترەمپ ڕوونی کردەوە کە هۆکارەکەی درێژیی ماوەی گەشتەکە و نادیاریی ناسنامەی لایەنی بەرانبەر بووە، و گوتی گەشتێکی 15 بۆ 16 سەعاتی ناکەین بۆ ئەوەی قسە لەگەڵ کەسانێک بکەین کە نازانین کێن.

هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە ئێران شتی زۆری پێشکەش کردووە بەڵام بەس نەبووە، کە مەبەستی لێی ئەو پێشنیاز و کاغەزە دانوستانانە بوو کە نەگەیشتوونەتە ئاستی چاوەڕوانییەکانی ئەمەریکا. سەرەڕای ئەوەش، ترەمپ دووپاتی کردەوە کە "هیچ کات بیری لە پاشگەزبوونەوە لە ئاگربەست نەکردووەتەوە و هێشتا دەرگا کراوەیە بۆ ئەوەی تاران پێوەندییان پێوە بکات.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە ململانێی نێوان ئەمەریکا و ئێران پێی ناوەتە قۆناغێکی ئاڵۆزی سیاسی و داراییەوە، ئەوەش دوای ئەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان و نێوەندگیریی پاکستان بۆ کردنەوەی کەناڵی ناڕاستەوخۆی گفتوگۆ، بەهۆی کەمیی متمانەی نێوان هەردوولاوە تووشی ئاستەنگ بوون.


وشە - پۆڵا مەحموود