ئەمڕۆ شەموو 25ی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕای گەیاند کە حكوومەتی ئێران، دوای ئەوەی ئیدارەی ئەمەریکا سەردانی شاندەکەی بۆ پاکستان هەڵوەشاندەوە، "مەرجی باشتر"ی بۆ دانوستان ناردووە.
ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان گوتی، تەنیا 10 خولەک دوای هەڵوەشاندنەوەی گەشتی شاندەکەمان بۆ ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان، ئێرانییەکان مەرجی باشتریان بۆ دانوستان بۆ ناردین. زیاتر گوتی، پێشنیازە نوێیەکەی ئێرانییەکان بۆ مەرجەکانی دانوستان، زۆر لە پێشنیازەکەی پێشوویان باشترە.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا ترەمپ دووپاتی کردەوە کە لەسەر هەموو حاڵەتێک ئێران نابێتە خاوەنی چەکی ناوکی. هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە لە ئێستەدا ئەمەریکا سەرقاڵی تاوتوێکردنی پێشنیازە نوێیەکەی ئێرانە بۆ دانوستان.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر سەرۆکی ئەمەریکا لە ڕێگەی سەکۆی "تروس سۆشیاڵ"ـەوە، هەڵوەشاندنەوەی گەشتی شاندەکەی بۆ پاکستان بەمەبەستی دانوستان لەگەڵ ئێران ڕاگەیاندبوو. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە پرۆسەی دانوستان بێسوودە تا ئەو کاتەی ئێرانییەکان سەرکردایەتییەکی یەکگرتوویان بۆ دانوستان نابێت، بەڵام لە هەمان کاتدا ئامادەیی واشنتنی بۆ هەر دانوستانێکی ڕژد لەلایەن ئێرانەوە دەربڕی.