فه‌رمانده‌ی ناوه‌ندی هاوبه‌شی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست "سێنتكۆم" بڵاوی كرده‌وه، كه ڕێگری تێپه‌ڕینیان له كه‌شتییه‌كی نه‌وتهه‌ڵگری ئێرانی به ناوی سیڤان كردووه، كه یه‌كێكه له‌و كه‌شتیانه‌ی پێشتر ناوی خراوه‌ته لیستی سزاكانی ئه‌مه‌ریكاوه و به‌شێكه له كه‌شتیگه‌لی سێبه‌ری تاران كه نه‌وتی پێ هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه ده‌كرێت.
له ڕاگه‌یه‌نراوێكی
سێنتكۆم كه له هه‌ژماری خۆی له تۆڕی "ئێكس" بڵاوی كردووه‌ته‌وه، شه‌وی ڕابردوو كه‌شتی سیڤان كه یه‌كێكه له‌و 19 كه‌شتییه‌ی كه به كه‌شتیگه‌لی سێبه‌ری تاران هه‌ژمار ده‌كرێن و ناویان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكاوه خراوه‌ته لیستی سزاكانه‌وه، به‌هۆی چالاكییه‌كانی به گواستنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی وزه و نه‌وت و غاز و پرۆبان و بیوتان بۆ بازاڕی ده‌ره‌وه به بڕی ملیاران دۆلار، ویستوویه‌تی گه‌مارۆی ئه‌مه‌ریكا ببڕێت، به‌ڵام هێزی جه‌نگی ئه‌مه‌ریكا ڕێگریان لێكردووه.
هێما بۆ ئه‌وه‌یش كراوه، كه هه‌لیكۆپته‌رێكی سه‌ر به هێزی ده‌ریایی ئه‌مه‌ریكا و كه‌شتی ی‌و ئێس ئێس بینكنی ڕێیان له كه‌شتی سیڤان له ده‌ریای عه‌ره‌ب گرتووه و كه‌شتییه‌كه پابه‌ندی ڕێنمایی و فه‌رمانه‌كانی سوپای ئه‌مه‌ریكا بووه و ئێسته له ڕێگه‌دایه تا بگه‌ڕێته‌وه بۆ كه‌ناراوه‌كانی ئێران.
له كۆتایی په‌یامه‌كه‌ی سێنتكۆم هاتووه، كه هێزه‌كان به‌رده‌وام له سه‌پاندنی گه‌مارۆ له‌سه‌ر كه‌شتییه‌كانی ئێران و چوونی كه‌شتی بۆ به‌نده‌ره‌كان و هاتنه‌وه‌یان به نێو كه‌نداوی عومان و ده‌ریای عه‌ره‌ب، تا ئێسته‌یش ڕێ له 37 كه‌شتی گیراوه، له‌و كاته‌وه‌ی گه‌مارۆ خراوه‌ته سه‌ر به‌نده‌ره‌كانی ئێرانه‌وه.