شه‌وی ڕابردوو ده‌نگی سیسته‌می به‌رگری ئاسمانی به زۆر و چڕی له ئاسمانی شاری كرمانشانی ڕۆژئاوای كۆماری ئیسلامی ئێران بیسترا و تا ئێسته‌یش هۆكاره‌كه‌ی نازانرێ و به‌رپرسانیش هیچ لێدوان و قسه‌یه‌كیان له‌سه‌ر ئه‌و حاڵه‌ته نییه.
ئاژانسی هه‌واڵی "میهر"ی ئێرانی بڵاوی كرده‌وه، كه ده‌نگی چالاكی سیسته‌می به‌رگری ئاسمانی له چه‌ندان لای ناو شاری كرمانشان و ده‌وروبه‌ری شه‌وی شه‌موو له‌سه‌ر یه‌كشه‌م بیسترا.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كان كه ئه‌و ئاژانسه
ئێرانییه بڵاوی كردووه‌ته‌وه، تا ئێسته هیچ به‌رپرسێك ئه‌و زانیارییانه‌ی ڕه‌ت نه‌كردووه‌ته‌وه و نازانرێ بۆچی به‌رگری ئاسمانی له‌و كاته چالاك بووه و ده‌نگی به‌رزی له ئاسمانی ئه‌و شاره دروست كردووه.
چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی لۆكالی له شاره‌كه بۆ ئاژانسه‌كه ئه‌وه‌یان خستووه‌ته ڕوو، كه یه‌كێك له ئه‌گه‌ره هه‌ره به‌هێزه‌كانی دروستبوونی ده‌نگی به‌رزی سیسته‌می به‌رگری ئاسمانی له كرمانشان، ئه‌وه‌یه كه هێزه‌كانی ئێران سیسته‌می به‌رگری ئاسمانی تاقی بكه‌نه‌وه و دووباره ڕێكی بخه‌نه‌وه، دوای ئه‌وه‌ی له جه‌نگی 40 ڕۆژه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل زۆرینه‌ی ڕه‌های سیسته‌می به‌رگری ئاسمانی ئێران به ته‌واوی تێكشكێنرا.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی سیسته‌می به‌رگری ئاسمانی ئێران تێكشكاوه و ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل دووپاتیان له باڵاده‌ستی خۆیان به‌سه‌ر ئاسمانی ئه‌و وڵاته ده‌كرده‌وه، به‌ڵام له ته‌ك ئه‌وه‌یش زانیاری بڵاوبووه‌وه، كه كه‌شتییه‌كی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و جبه‌خانه له چینه‌وه ڕه‌وانه‌ی ئێران كراوه و كه یه‌كێك له‌و كه‌لوپه‌له سه‌ربازییانه‌ی تێیدایه بریتییه له سیسته‌می به‌رگری ئاسمانی. به‌مه‌یش گومانی ئه‌وه ده‌كرێ، كه ئه‌و سیسته‌مه به‌رگرییه ئاسمانییانه‌ی كه ئێران له چینه‌وه بۆی هاتووه له‌و ناوچانه جێگیری كردبێ و تاقییان بكاته‌وه.