ئیسرائیل بۆ ئەمەریكا: فشار بخەرە سەر لبنان تا دژی حزبوڵا بجووڵێت

:: AM:09:40:26/04/2026 ‌
ئیسرائیل داوای لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كردووە، فشاری چڕ و زیاتر بخاتە سەر حكوومەتی لبنان بۆ ئەوەی دژی حزبوڵا دەست بە جووڵە بكات، بە پێچەوانەوە ئاگربەست ناتوانرێ بەردەوامیی پێ بدرێ و هەرەس دەهێنێت.

دەستەی پەخشی ئیسرائیل لە زاری بەرپرسانی تەناهی وڵاتەكەیانەوە بڵاویان كردووەتەوە، ئەوەی لە واقیع لە باشووری لبنان دەگوزەرێت، جیاوازە لەوەی لە كۆبوونەوە و گفتوگۆكان باسی لێوە دەكرێت، ڕاگرتنی جەنگ و ئاگربەست زۆر فشەڵە و بە خێرایی هەرەس دەهێنێت، ئەگەر ئەمەریكا فشار لەسەر بەیرووت دروست نەكات، تا دژی حزبوڵای لبنانی دەست بە جووڵە نەكات.

ئاماژەی داوە، تەلئەبیب بە فەرمی ئەو داوایەی خۆی بە ئەمەریكا گەیاندووە كە پێویستە واشنتن فشارەكانی بۆ سەر حكوومەتی لبنان چڕتر بكاتەوە، بەو ئامانجی بتوانرێ كۆتایی بە گرژییەكان لە باشووری لبنان بهێنرێت.

بەرپرسانی ئیسرائیل هێمایان بۆ ئەوە كردووە، تا ئێستە ڕوون نییە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بە دەم داواكەی ئیسرائیلەوە دێ و فشارەكان لەسەر حكوومەتی لبنان زیاتر دەكات، یان ئەو داوایەی تەلئەبیب پەراوێز دەخات.

ڕۆژی 16ی نیسان/ئەپریل ئاگربەستێكی 10 ڕۆژ لە نێوان ئیسرائیل و لبنان ڕاگەیەنراو و دواتر بۆ سێ هەفتەی تر درێژ كرایەوە، بەڵام حزبوڵای لبنانی پابەندی ئەو ئاگربەستە نەبووە و بەردەوامە لە بۆردمانكردنی هێزەكانی ئیسرائیل و ئامانجەكانی ئەو وڵاتە، ئەمەیش تەلئەبیبی ناچار كردووە كە وەڵامی چەكدارانی حزبوڵا بداتەوە، بۆیە تا ئێستە ئاگربەست بە كردەیی نەتوانراوە جێبەجێ بكرێت.


وشە - باز ئه‌حمه‌د