وۆل ستریت جۆرنال: ناكۆكیی واشنتن و تاران لەسەر بەرنامەی ناوكی كۆتایی نەهاتووە

:: AM:09:44:26/04/2026 ‌
سەرچاوەكان بۆ ڕۆژنامەی وۆل ستریت جۆرنال دووپاتیان كردەوە، ناكۆكییەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و كۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر بەرنامەی ناوكی ئێران، تا ئێستەیش بەردەوامیی هەیە و كۆتایی نەهاتووە، سەرەڕای ئەوەی هەوڵی زۆر هەن كە دووبارە هەردوولا لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشنەوە.

بەگوێرەی قسەی سەرچاوەكان بۆ ڕۆژنامەكە، تا ئێستە واشنتن و تاران نەرمییان لەسەر داواكارییەكان لەبارەی داهاتوو و چارەنووسی بەرنامەی ناوكی ئێران نەنواندووە و دۆخەكە وەك خۆی ماوەتەوە، ئەمەیش لە كاتێكدایە كە پاكستان و وڵاتانی ناوەندگیر زۆر بە چڕی هەوڵ دەدەن، كە گەڕی دووەمی دانوستان لە نێوان ئەمەریكا و ئێران لە ڕۆژانی داهاتوو ئەنجام بدرێت.

واشنتن داوای بردنەدەرەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بۆ دەرەوەی ئەو وڵاتە دەكات و بۆ ماوەی 20 ساڵیش پیتاندنی یۆرانیۆم و بەرنامە ناوكییەكەی بوەستێنێت، بەڵام تاران ئەمە بە هێڵی سوور ناو دەبات و بە مافی ڕەوای خۆی دەزانێت، كە بەرنامەی ناوكی بۆ بواری ئاشتی هەبێت و ئامادەیشە بۆ ماوەی پێنج ساڵ پیتاندنی یۆرانیۆم بوەستێنێت، دوای ئەوەیش پێنج ساڵی تر ئەو وادەیە درێژ دەكاتەوە.

دوێنێ شەموو شاندی ئێران بە سەرۆكایەتیی عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، لە ئیسلام ئاباد بوون و لە واشنتنیش ئامادەكاری بۆچوونی شاندی ئەمەریكا بە سەرۆكایەتی ستیڤ ویتكۆف نێردەی تایبەتی كۆشكی سپی و جارید كۆشنەری زاوای ترەمپ بۆ ئەو وڵاتە دەكرا، بەڵام دواتر ترەمپ سەردانی شاندەكەی بۆ ئیسلام ئاباد هەڵوەشاندەوە و عێراقچیش پاكستانی بەرەو سوڵتاننشینی عومان جێهێشت، بەڵام میدیاكانی ئێران بڵاویان كردەوە، كە وەزیری دەرەوە جارێكی تر دوای تەواوبوونی سەردانەكەی بۆ سوڵتاننشینی عومان دەگەڕێتەوە بۆ پاكستان.


وشە - باز ئه‌حمه‌د