سامی ئۆشانا: بەربژێری سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆمار دەریخست هەڵوێستەكانی پارتی ڕاستن

:: PM:12:56:26/04/2026 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیژنەی پێوەندییەكانی دەرەوە ئاماژە بەوە دەكات، كە بەكارهێنانی زۆرینەی سەپێنراو وەك ئەوەی لە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق رووی دا، دۆخی وڵات بەرەو خراپتر دەبات، چونكە دەركەوتووە دۆخی ئەم وڵاتە بە رێككەوتنی ژێربەژێر ئیدارە ناكرێت، عێراق پێویستی بە گەڕانەوە بۆ واقیعی سیاسی و دەستوور هەیە.

سامی ئۆشانا بۆ "وشە" گوتی: "لە بابەتی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، بەبێ گەڕانەوە بۆ رێككەوتنی سیاسی و بەركەوتەی پێكهاتەكان، هاتن زۆرینەیەكی سەپێنراو دروست كرا و سەرۆك كۆماریان هەڵبژارد.

گوتیشی، ئیستەش پەشیمانن لەو هەنگاوە و دەیانەوێ پارتی بگەڕێتەوە بۆ كۆبوونەوەكانی پەرلەمان، ئەوەی سەیرە ئەو كەسانەی بەو شێوە سیاسەت دەكەن و بیر دەكەنەوە، نازانن كە لێكەوتەی دوای ئەم رەفتارانە خراپتر دەبێت؟ بۆیە ئەم زۆرینەیە گرفتی بۆ دیاركردنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقیش دروست كردووە، گرێكوێرەكەی قورستر كردووە و بەداخەوە چۆن ناوماڵی كوردی پەرتەوازە كرد، ناوماڵی شیعەشی پەرتەوازە كردووە، ئەمە ئەو ترسە بوو كە لە سەرەتاوە پێمان وابوو نەدەبوو بكرێت".

هاوكات دەڵێت: دەستپێشخەری لایەنەكان بۆ سەردانی پارتی و گەڕانەوەی پارتی بۆ پەرلەمان گرنگە، هەبوونی پارتی لە پەرلەمانی عێراق قورساییەكی تر دەبەخشێتە پەرلەمانی عێراق، نیگەرانیی پارتی لەم رووداوانەی دوایی ئەوە دەخوێنێتەوە كە سیاسەتی ئێستەی عێراق بەرەو ئاراستەیەك دەڕوات رەچاوی باڵانسی پێكهاتەكان لە وڵاتدا ناكرێت."

سامی ئۆشانا ئەوەشی خستەروو: سەرەتا لایەنە سیاسییەكانی عێراق وایان بڵاو دەكردەوە كە گوایە كورد هۆكاری پەككەوتنی پرۆسەی سیاسیی عێراقە، بەڵام ئێستە هەمووان دەبینن كە لایەنەكان لەناو خۆیاندا لەسەر پۆستی سەرۆك وەزیران پێكنایەن. بۆ هەمووان روون بووەتەوە كە كێشەكە لە كورد نییە، بەڵكو لە نەگەڕانەوەیە بۆ رێككەوتنی سیاسی و بەركەوتەی پێكهاتەكان و پێشێلكردنی دەستوور.



وشە - سۆران عەزیز