رۆژنامەی ئەخباری لبنانی لە چەند سەرچاوەیەكی عێراقی ئاشكرای دەكات، نزیكەی دوو هەزار تا دوو هەزار و 500 سەربازی ئەمەریكی لە عێراق ماونەتەوە و زۆربەیان لە بنكەی سەربازی هەریرن لە هەرێمی كوردستان، ئەخبار دووپاتیشی دەكاتەوە ئەمەریكا شێوازی مانەوەی خۆی لە عێراق گۆڕیوە.
ئەمڕۆ دووشەم 27ی نیسان رۆژنامەی ئەخبار بەدواداچوونێكی بڵاوكردووەتەوە لەسەر ژمارەی سەربازەكانی ئەمەریكا و كاریگەرییان لەسەر عێراق. لە راپۆرتەكەدا هاتووە نزیكەی دوو هەزار تا دوو هەزار و 500 سەرباز لە عێراق ماونەتەوە، لە چەند بنكەیەكن، بەڵام بنكەی سەرەكیان هەریرە لە هەرێمی كوردستان.
راپۆرتەكە دووپاتی دەكاتەوە، وێرای كەمكردنەوەی ژمارەی سەربازەكان و چڕكردنەوەیان لە شوێنێكی عێراق كەچی ئەمەریكا كاریگەری لە عێراق ماوە و شێوازەكەشی لە بوونی سەربازییەوە گۆڕیوە بۆ هەژموونی تەناهی و هەواڵگری. سەبارەت بە هێرشی میلیشیاكانیش بۆ سەر بنكەكانی ئەمەریكا، رۆژنامەی ئەخبار ئاشكرای كردووە، میلیشیاكان نزیكەی 329 هێرشیان بۆ سەر بەرژوەندییەكانی ئەمەریكا ئەنجام داوە.