كەناڵی فۆكس نیوزی ئەمەریكی راپۆرتێكی لەسەر رێگەی گەشەپێدان بڵاوكردووەتەوە، ئەو رێگەیە كە پرۆژەیەكی نێودەوڵەتییە فاو بە زاخۆ و توركیا دەبەستێتەوە. كەناڵەكە دووپاتی دەكاتەوە بەو پرۆژەیە هەژموونی ئێران لە عێراق كەم دەبێتەوە.
كەناڵی فۆكس نیوزی ئەمەریكی ئەمڕۆ 27ی نیسان راپۆرتێكی لەسەر گرنگی رێگەی گەشەپێدان بڵاوكردووەتەوە و تێیدا ئاماژە بۆ ئەوە كراوە بە كۆششی نێودەوڵەتی ئەو رێگەیە تەواو دەكرێت و دەبێتە شوێنگرەوەی رێگەكانی تر و نەوەك عێراق بە تەنیا بەڵكو كەنداویش بە ئەوروپا دەبەستێتەوە.
بە بڕوای چاودێران و شارەزایان كە قسەیان بۆ كەناڵەكە كردووە، ئابووری عێراق بەو پرۆژەیە دەگۆڕێت، لە دەوڵەتێكی پشتبەستوو بە داهاتی نەوت دەیكات بۆ وڵاتێكی لۆجیستی لە ناوچەكە. كاریگەری سیاسیشی بۆ عێراق دەبێت و كاریگەری هەژموونی ئێران بەسەر عێراق كەم دەكاتەوە.
رێگەی گەشەپێدان رێگەیەكی ستراتیجی عێراقە و بە ناڕاستەوخۆ بەشێك دەبێت لە رێگەی نێودەوڵەتی ئاوریشمی نوێ كە چین كاری لەسەر دەكات. ئەو رێگەیەی عێراق درێژییەكەی هەزار و 200 كیلۆمەتر دەبێت لە فاو "بەسرە" دەست پێ دەكات و تا دەگاتە زاخۆ. ئەو پرۆژەیە لە 2023 كاری لەسەر دەكرێت بەگوێرەی خەملاندنی سەرەتایی دەبێت لە 2028 تەواو بكرێت.