رۆژنامەی مەدا: مالیكی و سوودانی لە كۆبوونەوە بەشەڕ هاتوون

:: AM:10:48:27/04/2026 ‌
رۆژنامەی مەدای عێراقی ئاشكرای دەكات لە كۆبوونەوەی رۆژی شەمووی رابردوو كە لە نووسینگەی هومام حەموودی بەڕێوە چووە، نووری مالیكی و محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك قسەیان بە یەكتر گوتووە و مالیكی بە تووڕەیی رۆیشتووە.

رۆژنامەی مەدای عێراقی ئەمڕۆ دووشەم 27ی نیسان لە سەرچاوەیەكی تایبەتەوە ئاشكرای كردووە، رۆژی شەمووی رابردوو كۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە نووسینگەی هومام حەموودی سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی بەڕێوەچوو. لەو كۆبوونەوەیە شەڕ و دەمەقاڵی لەنێوان مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و سوودانی سەرۆكی هاوپەیمانی ئاوەدانكردنەوە دروست بووە و مالیكی بە تووڕەیی كۆبوونەوەكەی جێهێشتووە.

 رۆژنامەی مەدا باسی لەوە كردووە، هیچ یەكێك لە سوودانی و مالیكی ئامادە نیین دەستبەرداری پۆستی سەرۆك وەزیران بن.
 هەروەها باس لەوەیش دەكات ئەوەی لە نێوان لایەنە شیعەكان دەگوزەرێت ناكۆكی سیاسی تێپەڕاندووە بە "سایكۆلۆژی سەرۆكەكان" ناو دەبرێت و هەر یەكێك لە سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی خۆی بە "شایەكی بێ ركابەر دەزانێت".

ئەمڕۆ عێراق دەكەوێتە بۆشایی دەستووری، چونكە دوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بە 15 رۆژ دەبێت كاندیدی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمان بۆ پێكهێنانی حكوومەت بێتە راسپاردن.
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل