ئێران هەڕەشە لە عێراقییەكان دەكات و ئەمەریكایش باسم بەدری رەت دەكاتەوە

:: AM:11:47:27/04/2026 ‌
ماڵپەڕی رادیۆی مۆنت كارلۆی فڕەنسی ئاشكرای دەكات، ئێران هەڕەشە لە لایەنە عێراقییەكان دەكات لەوەی هیچ كاندیدێكی نزیك لە ئەمەریكا بۆ سەرۆكایەتی حكوومەت كاندید نەكەن و ئەمەریكایش كاندیدبوونی باسم بەدری رەت دەكاتەوە.

ئەمڕۆ دووشەم 27ی نیسان ماڵپەڕی رادیۆی مۆنت كارلۆی فڕەنسی هەندێك زانیاری لەسەر كۆبوونەوەكانی لایەنە شیعەكان ئاشكرا دەكات و دووپاتی دەكاتەوە مەسەلەی كاندیدكردنی كەسێك بۆ سەرۆكایەتی حكوومەتی عێراق لە ویستی عێراقییەكان دەرچووە و ئێستە پێوەیستە بە ململانێی ئەمەریكا و ئێرانەوە.

لە دوایین زانیاری مۆنت كارلۆ باس لەوە دەكات كاندیدبوونی باسم بەدری لەلایەن ئەمەریكاوە رەت كراوەتەوە، چونكە باسم بەدری لەلایەن نووری مالیكییەوە پێشنیار كراوە و هەروەها نزیكە لە ئاسایشی نەتەوەیی ئێران. 

لە بەرانبەریشدا لایەنەكانی شیعە ئەوانەی سەربە ئێرانن حەمید شەترییان رەت كردووەتەوە و قبووڵیان نییە بكرێتە سەرۆك وەزیران، چونكە شەتری سەرۆكی هەواڵگری عێراق لەلایەن ئەمەریكاوە پشتیوانی دەكرێت.

سەرچاوەیەك لە هاوپەیمانەكەی حەلبووسی ئاشكرای دەكات، تاران هەڕەشەی لە شیعەكان كردووە، لەوەی هیچ كەسێك كاندید نەكەن، نزیك بێت لە ئەمەریكا و دوور بێت لە ئێران.



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل