سەرچاوەیەك: ئەمشەو شیعە ناوی كاندیدی سەرۆك وەزیران رادەگەیەنن

:: PM:06:38:27/04/2026 ‌

هاوكات لەگەڵ بوونی ناكۆكیی قووڵ لە نێوان هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، جیا لە گوشارەكانی ئەمەریكا و ئێران و رەتكردنەوەی كاندیدانی نەیار بۆ خۆیان، میدیاكانی شیعە بڵاوی دەكەنەوە كە گەیشتن بە رێككەوتن نزیكە، سەرچاوەیەك ئاماژە دەكات بڕیارە ئەمشەو ناوی كاندیدی سەرۆك وەزیران بێتە راگەیاندن.

 چەند سەرچاوەیەك ئاماژەیان كرد كە بڕیارە سەعات 8:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم، چوارچێوەی هاوئاهەنگی ناوی كاندیدی فەرمیی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران رابگەیەنێت، ئەو ناوەشی ئەوان لەسەری رێك كەوتوون، كەسایەتییەكە لە دەرەوەی پرۆسەی سیاسی و خاوەن توانایەكی ئابوورییە و دوورە لە گەندەڵی.

لای خۆیەوە حوسێن عەنكووشی پەرلەمانتاری عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرای كرد كە ناسنامەی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق یەكلا بووەتەوە، دووپاتی كردەوە كە عەلی زەیدی بۆ پۆستەكە كاندید كراوە، ئەوەش لە دوای بەدەستهێنانی متمانەی زۆرینەی هێزە سیاسییەكانی چوارچێوە. 

عەنكووشی دووپاتی كردەوە، زەیدی توانی لە دوایین كۆبوونەوەدا دەنگی 12 سەركردەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەدەست بێنێت، بەوەش دەبێتە كاندیدی فەرمی و كۆتایی و بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ دێتە راسپاردن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل