عەلی زەیدی كێیە و چۆن كاندید كراوە؟

:: PM:08:23:27/04/2026 ‌

بەپێی چەند سەرچاوەیەكی سیاسی هەریەك لە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكی هاوپەیمانی ئیعمار و تەنمییە و نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەسەر كاندیدكردنی عەلی زەیدی، وەك كاندیدی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق رێككەوتوون. 

بەپێی سەرچاوەكان زەیدی خاوەن پێوەندییەكی باشە لەگەڵ تەواوی سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، لەوانە پێوەندی بە نووسینگەی تایبەتی موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی نیشتمانی شیعە هەیە، هەر بەپێی سەرچاوەكە ئەگەری هەیە لە دوای راسپاردنی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، رەنگە تووشی زەحمەتی لە پێكهێنانی كابینەكەی و تێپەڕبوونی لە پەرلەمان ببێتەوە.

سەرچاوەكە دووپاتی كردەوە كە كاندیدكردنی زەیدی لە دوای دوو كۆبوونەوەی 24 سەعاتی رابردووی فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لەگەڵ سوودانی و مالیكی دوێنێ و ئەمڕۆ هات بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستەكە، تیایاندا رێككەوتنی كۆتایی لەسەر دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران كرا.  

عەلی فالح كازم زەیدی لەدایكبووی پارێزگای زیقارە و پێشتر بەڕێوەبەری كارگێڕیی بانكی جنووب بووە و ئێستە سەرۆكی ئەنجوومەنی كارگێڕیی كۆمەڵە كۆمپانیاكانی نیشتمانی و سەرۆك ئەنجوومەنی كارگێڕیی زانكۆی شەعب و سەرۆكی ئەنجوومەنی كارگێڕیی پەیمانگەی عەشتاری پزیشكییە و خاوەنی كەناڵی ئاسمانیی دیجلەیە، ئەزموونێكی فرەوانی یاسایی و دارایی و وەبەرهێنانی هەیە، بەكالۆریۆسی لە یاسا و دارایی و بانك و ماستەری دارایی و بانكی هەیە.















وشە - مه‌حموود ئیسماعیل