کۆشکی سپی: ترەمپ تاوتوێی پێشنیازەکانی ئێران بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز دەکات

:: PM:08:50:27/04/2026 ‌
ئەمڕۆ دووشەم 27ی نیسانی 2026، کۆشکی سپی ڕای گەیاند کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، ئاگاداری ئەو پێشنیازانەیە کە لەلایەن ئێرانەوە بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز خراونەتە ڕوو و لەگەڵ تیمەکەی تاوتوێیان دەکات.

کارۆلین لیڤیت گوتەبێژی کۆشکی سپی ئاشکرای کرد کە ترەمپ لەگەڵ تیمی ئاسایشی نەتەوەیی، پێشنیازە نوێیەکانی ئێرانی تاوتوێ کردووە. لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوە دا کە کۆشکی سپی هیچ زانیارییەکی لەبەردەستدا نییە سەبارەت بە بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵگرتنەوە و پاککردنەوەی مینەکان لە گەرووی هورمزدا.

پێشتریش لە ئەمڕۆدا، لیڤیت بە کەناڵی سی بی ئێسـی ڕاگەیاندبوو کە ئیدارەی سەرۆک ترەمپ لە ڕێگەی میدیاکانەوە دانوستان ناکات. دووپاتیشی کردەوە کە واشنتن هەرگیز ڕێ بە ئێران نادات ببێتە خاوەنی چەکی ناوکی و تەنیا ڕێککەوتنێکیش واژوو دەکەین کە بەرژەوەندیی گەلی ئەمەریکا بخاتە پێش هەموو شتێکەوە.

لە لایەکی ترەوە، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ڕای گەیاندبوو کە ئەمەریکا پێشنیازی ئەنجامدانی دانوستانی خستووەتە بەردەم ئێران و لە ئێستەشدا تاران سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لەو ئەگەرە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە شەوی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ دووپاتی کردەوە کە "شەڕی ئێران بەزوویی کۆتایی دێت و تارانیش یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ڕادەست دەکات."


وشە - پۆڵا مەحموود