دەم پارتی: حكوومەت قوتابخانەكانی باكوری كوردستانی كردووە بە سەربازگە

:: AM:11:59:28/04/2026 ‌
كۆمسیۆنی منداڵانی دەم پارتی لەبارەی ڕووداوە توندوتیژییەكان لە قوتابخانەكانی مەرەش و سێوەرەگ ڕای گەیاند، وەزارەتی ناوخۆ قوتابخانەكانی كردووە بە سەربازگە.

لە ڕاگەیەنراوەكەیدا ئاماژەی بەوە كرد، دەسەڵات ڕووداوەكانی مەرەش و سێوەرەگ بە ڕێبازێك كە دوورە لە رژدیی دۆخەكە، كۆمەڵگە دەكات بە ئامرازێك بۆ ڕەواكردنی سیاسەتەكانی فشار و پەردەپۆشكردنی كێشەكان.

ڕاشی گەیاند، ئەو فەرمانەی وەزارەتی ناوخۆ لەسەر بابەتی "ڕێوشوێنی تەناهیی لە قوتابخانەكان و دەوروبەریان" دەرچووە، بەو عەقڵییەتە ئامادە كراوە كە مەبەستی گۆڕینی قوتابخانەكانە بۆ گرتووخانەی نیمچەكراوە یان بنكەی سەربازی .

دەم پارتی دووپاتی لەوە كردەوە كە نابێت توندوتیژی لە قوتابخانەكاندا تەنیا وەك كێشەیەكی "یاسایی" سەیر بكرێت، چونكە قوتابخانەكان ناوەندێكی گشتیی ئاسایی نین كە تاوانی تێدا ئەنجام دەدرێت، گۆڕەپانی پەروەردەیی بناغەییە كە سیما، ناسنامە و پێوەندی كۆمەڵایەتی منداڵان تێیدا دروست دەبێت.

لە كۆتاییشدا دەم پارتی ئاماژەی بەوە داوە، چارەسەر زیادكردنی ڕێوشوێنە تەناهییەكانی پۆلیس نییە، بەڵكو چارەسەر زیادكردنی خزمەتگوزارییەكانی ڕێنوێنی فراوانكردنی میكانیزمەكانی ڕاوێژكاری دەروونی، زوو دەستنیشانكردنی مەترسییەكان و دیموكراتیككردنی قوتابخانەكانە.

لە 14ـی نیسان لە ناوچەی سێوەرەگی ڕحا، قوتابییەك بە چەكەوە هەڵیكوتایە سەر ئامادەیی تەكنیكی و پیشەیی ئەنادۆڵی ئەحمەد كۆینجو، 11 قوتابی و دوو مامۆستای بریندار كرد.

ڕۆژێك دواتریش، قوتابییەكی تر بە چەكی دەمانچە هێرشی كردە سەر قوتابخانەیەك لە شاری مەڕەشی باكوری كوردستان، لە ئەنجامدا سێ قوتابی و مامۆستایەكی كوشت و 20 مامۆستا و قوتابی تری بریندار كرد.

لە دوای ئەو رووداوە، دەسەڵاتدارانی توركیا لە چواردەوری قوتابخانەكان دۆخێكی تەناهیی قورسیان جێبەجێ كردووە و قوتابخانەكانیان كردووەتە سەربازگە.



وشە - سۆران عەزیز