رۆیتەرز: كشانەوەی ئیمارات لە ئۆپێك زەبرێكی بەهێز لە بەرهەمهێنەرانی نەوت دەدات

:: PM:03:42:28/04/2026 ‌

 

ئیمارات بڕیاری دا لە رێكخراوی ئۆپێك و ئۆپێك پڵەس بكێشتەوە، بەگوێرەی راگەیەنراوێكی فەرمی ئەو وڵاتە ئەم بڕیارە بەگوێرەی بەرژوەندی باڵای نیشتمانی بووە. ئاژانسی رۆیتەرزیش ئەو بڕیارەی ئیمارات بە زەبرێكی بەهێز بۆ بەرهەمێنەرانی نەوت وەسف دەكات.

ئەمڕۆ سێشەم 28ی نیسان ئاژانسی هەواڵی ئیمارات بڵاوی كردەوە، ئیمارات لە رێكخراوی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت (ئۆپێك) و ئۆپێك پڵەس كشایەوە، لە راگەیەنراوێكدا هاتووە، "ئەم بڕیارە بەگوێرەی رەچاوكردنی بەرژوەندی نیشتمانی و پابەندبوونی دەوڵەت بە بەشداربوونی بە شێوەیەكی كارا لە دابینكردنی پێویستییەكانی بازاڕ هاتووە".

بڕیارەكەی ئیمارات لە یەكی ئایار، واتە رۆژی هەینی داهاتوو جێبەجێ دەكرێت.

ئاژانسی رۆیتەرز ئەو بڕیارەی ئیمارات بە زەبرێكی بەهێز بۆ هاوپەیمانی ئۆپێك و سعوودیە وەسف دەكات و لە كاتێكدا كە شەڕی ئێران شڵەژانێكی مێژووی بۆ كەرتی وزە لە جیهاندا دروست كردووە. رۆیتەرز دەڵێ‌، "كشانەوەی لەناكاوی ئیمارات، ئەندامە دێرینەكەی ئۆپێك، ئاژاوە و لاوازی دەخاتە رێكخراوەكە".

ئیمارات لە ساڵی 1967 بووەتە ئەندامی رێكخراوی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت(OPEC) خودی ئەو رێكخراوەیش لە ساڵی 1960 دامەزراوە.

 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل