ناوی ئەبوئالا وەلائی وەك یەكێك لە دیارترین سەركردەی میلیشیا چەكدارەكانی عێراق دێت، لە جێبەندێكی ئاڵۆزی رەهەندە تەناهی و سیاسی و هەرێمایەتییەكاندا، لەم ساڵانەی دواییدا ئامادەیی هەیە. لەگەڵ ئەوەیشدا میلیشیاكەی بە هێرشكردنە سەر بەرژوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و سووریادا تۆمەتبار دەكرێت.
وەلائی ناوی راستەقینەی هاشم بنیان رەحیم سەراجییە لە ساڵی 1960 لە بەغدا لەدایك بووە، بە چەندان ناو و ناسناو دەناسرێتن لەوانە ئەبوئالا وەلائی، ئەبووەلا وەلائی، هاشم بنیان سەراجی، عەلی عەبدولزەهرە حافز سەراجی، ئەم چەند ناوەیش رەنگدانەوەی كارە نهێنییەكانی میلیشیاكانە.
وەلائی لە ژینگەیەك گەورە بووە، كاریگەر بووە بەو گۆڕانكارییە سیاسیانەی كە لەدوای كەوتنی رژێمی سەدام حوسێن لە دوای 2003 هاتووە، دەركەوتنیشی زیاتر وابەستە بووە بە كاری چەكداری نەوەك ئاراستەی سیاسی.
لەدوای 2013 وەلائی میلیشیای كەتائیبی سەید شوهەدای دامەزراند، ئەمە گرووپێكی چەكداری بوو لە نزیك میلیشیاكانی ئێران دەركەوت، بەگوێرەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان پێوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران هەیە لەڕووی باوەڕ و لۆجیستیییەوە. سەرەتا ئەو میلیشایە لە گۆڕەپانی شەڕی ناوخۆی سووریا دەركەوت و لەگەڵ سوپای رژێمی سووریا بوو، بەڵام دوای داگیركارییەكانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە 2014 میلیشیاكە خۆی لەناو عێراق بەهێز كرد.
هەر لەو كاتەدا كەتائیی چووە پاڵ حەشدی شەعبی، ئەمەیش لە چوارچێوەی هێزە تەناهییەكانی عێراق سیفەتێكی فەرمی پێ بدەخشرا، بەڵام پارێزگاری لە رێكخستنی خۆی كرد.
وەلائی لە چوارچێوەی سەركردە نزیكەكانی تاران پۆلێن دەكرێت، میلیشیاكەی ئەو گوتارێكی ئایدیۆلۆجی نزیك لە تاران پێڕەو دەكات. بەگوێرەی هەڵسەنگاندنەكانی ئەمەریكا دوای كوشتنی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەق قودسی سوپای پاسداران لە كانوونی دووەمی 2020، وەلائی یەكێكە لەو كەسانەی كە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئیسماعیل قائانی شوێنگرەوەی سلێمانی هەیە، ئەمەیش لە چوارچێوەی میلیشیاكانی هاوپەیمان لەگەڵ ئێران لە ناوچەكەدا. میلیشیای سەید شوهەدا، لە چەندان جەنگی دژ بە داعش بەشداری كردووە لە تكریت و ئەنبار، هەروەها رۆڵی هەبووە لە جەنگەكانی سووریا بە تایبەتی لە دەوروبەری دیمەشق.
لە بەرانبەردا واشنتن ئەو میلیشایە بە تێوەگلان لە هێرشە مووشەكییەكان و ئۆپراسیۆنی دژ بە هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و سووریا تۆمەتبار دەكات، هەروەها واشنتن دەڵێ، ئەو هێرشانە دوای گرژییەكانی ناوچەكە لەوانە دوای رووداوەكانی حەوتی ئۆكتۆبەری 2023 زیادیان كردووە، هەندێك لە میلیشیاكان لەوانە میلیشیاكەی وەلائی هێرشی تۆڵەكردنەوەیان ئەنجام داوە دژ بە هەڵوێستەكانی ئەمەریكا.
ئەمەریكا وەلائی خستووەتە لیستی سزاكانەوە، لە 24ی ئەم مانگەیش رای گەیاندووە، پاداشتێكی دارایی كە دەگاتە 10 ملیۆن دۆلار تەرخان كردووە، بۆ هەر كەسێك كە زانیاری لەبارەی شوێنی وەلائی بدات، چونكە میلیشیاكەی وەلائی هەڕەشە لە ژیانی ئەمەریكییەكانی و بنكەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا دەكات.
هەژموونی دووفاقی
هەرچەندە میلیشیاكەی وەلائی لە چوارچێوەی حەشدی شەعبییە، كەچی خۆی هەندێك جار هەڵوێستی رەخنەگرانەی لە حكوومەتی عێراق هەیە، بە تایبەتی لەبارەی پێوەندی عێراق و ئەمەریكا و دۆسیەی مانەوەی هێزە بیانییەكان لە عێراقدا. لەگەڵ ئەوەشدا میلیشیاكە بەشێكە لە هاوسەنگی هێز لەناو دەوڵەتی عێراق، ئەمەیش رەنگدانەوەی سروشتی پێوەندییەكی دووانەیە لەنێوان میلیشیا چەكدارەكان و دامەزراوە فەرمییەكان.
شارەزایان پێیانوایە كاریگەری وەلائی رەهەندە سەربازییەكە تێدەپەڕێنێت. كازم عیساوی شارەزا لە كاروباری ئاسایش بۆ رۆژنامەی عەرەبی جەدید دەڵێ، "وەلائی نموونەیەكە لە سەركردەی میلیشیاكان، كە دەسەڵاتێكی دووسەرەی سەربازی و سیاسییان هەیە، بنیادنانی حەشدی شەعبی پاتناییەك دەبەخشێت بۆ ئەوەی كاریگەرییان لەسەر بڕیاری تەناهی هەبێت، هەروەها هاوپەیمانێتی سیاسیش وا دەكات بە ناراستەوخۆ لە پرۆسەی سیاسی ئامادە بن".
عیساوی دەشڵێ، "دانانی وەلائی لە لیستی داواكراوەكانی ئەمەریكا پێوەیستە بە رۆڵی ئەو لە هێرشەكانی سەر بەرژوەندییەكانی ئەمەریكا هەروەها رەنگدانەوەی ململانێی هەژموونە لە نێوان ئەمەریكا و ئێران لە گۆڕەپانی عێراق".
ئەبوئالا وەلائی حاڵەتێكە گوزارشت لەو گۆڕانكارییانە دەكات كە لەدوای 2003 لە عێراق روویان دا، لەوێ رۆڵی چەكدار و سیاسی تێكەڵبووە، لە چوارچێوەی ژینگەیەكی هەرێمایەتی ئاڵۆز. لە كاتێكدا واشنتن وەك هەڕەشەیەكی تەناهی سەیری دەكات، كە بەشێكە لەو هێزانەی سەربە ئێران كە خۆیان بە "مقاوەمە" دەناسێنن، ئەم دیمەنە رەنگدانەوەی بەردەوامبوونی ناكۆكییە لەسەر رۆڵی ئەو میلیشیایانە و چارەنووسیان لەناو دەوڵەتی عێراقدا.