شاندی ئیمراڵی هۆشداری لە شێواندنی ناوەڕۆكی دیدارەكانی ئۆجەلان دەدات و ڕایدەگەیەنێت، بڵاوكردنەوەی قسەی بێ بنەما زیان بە زەمینەی دیالۆگ و پڕۆسەی چارەسەری دەگەیەنێت. پەرلەمانتارێكی دەم پارتیش دەڵێت: مانگی ئایاری داهاتوو دەبێتە وەرچەرخانێکی گرنگ بۆ پرۆسەی چارەسەری
شاندی ئیمراڵی لە ڕاگەیێنراوێكی فەرمیدا، تەواوی ئەو ڕاپۆرت و هەواڵانەی ڕەتكردەوە كە وەك قسەی ناو دیدارەكانی ئیمراڵی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان بڵاودەكرێنەوە.
شاندەكە دەڵێت: ئەم هەڵوێستە دوای ئەوە دێت كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕووشەن چاكر ڕۆژنامەنووسی دیاری توركیا و ئاژانسی میزۆپۆتامیا، چەند زانیارییەكیان وەك قسەكانی ئۆجەلان لە دیدارەكەی مانگی شوباتدا بڵاوكردبووەوە، كە تێیدا ڕەخنە لە سیاسەتەكانی ئاكپارتی گیرابوو.
شاندەكە بەبێ هێنانی ناوی هیچ دەزگایەكی میدیایی، ئەو قسانەی بە "شێواندن" ناوبرد.
لە ڕاگەیێنراوەكەدا ئاماژە بەوە كراوە كە بڵاوكردنەوەی قسە بە ناوی ئۆجەلانەوە لە كاتێكدا پشتی بە هیچ بەڵگەیەك نەبەستووە، زیانی گەورە بە زەمینەی دیالۆگ و ئەو پڕۆسەی چارەسەرییە دەگەیەنێت كە ماوەی زیاتر لە ساڵێكە پێوەی خەریكین.
لە ڕاگەیێنراوەكەدا جەخت كراوەتەوە، هەر قسەیەك بە ناوی ئۆجەلانەوە بڵاوبكرێتەوە و پشتی بە شاندی ئیمراڵی، كەسوكاری ئۆجەلان یان پارێزەرەكانی نەبەستبێت، جێگەی متمانە نییە.
شاندەكە داوا لە هاووڵاتیان دەكات هۆشیار بن و تەنیا پشت بەو زانیارییانە ببەستن كە لە سەرچاوە فەرمییەكانەوە دەردەچن، نەك ئەو ڕاپۆرتانەی بۆ مەبەستی سیاسی بڵاودەكرێنەوە.
هاوكات محەمەد کاماچ پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رای گەیاند، مانگی ئایاری داهاتوو دەبێتە وەرچەرخانێکی گرنگ بۆ پرۆسەی چارەسەری و چاوەڕوان دەکرێت لەسەر بنەمای ئەو راپۆرتانەی پێشکەشی پەرلەمان کراون، چەندین گۆڕانکاری و هەنگاوی یاسایی بنرێن.
محەمەد کاماچ ئاماژەی بەوە کرد، دوای بڕیاری دانانی چەک لەلایەن پەکەکەوە، پێویستە حکوومەت بواری یاسایی بۆ گەڕانەوەی کادیرانی ئەو رێکخراوە بۆ ناو کاری رامیاری بڕەخسێنێت و کۆتایی بە دۆخی نایاسایی قەییوومەکان و گۆشەگیریی سەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان بهێنێت.
پەرلەمانتارەکە جەختی لەوەش کردەوە، دواکەوتنی هەنگاوەکان بووەتە هۆی دروستبوونی بێمتمانەیی، بۆیە داوای کرد لەم مانگەدا هەنگاوی بەرچاو بۆ ئازادکردنی کەسایەتییە رامیارییە زیندانیکراوەکان بنرێت.
هاوکات بڕیارە شاندێکی باڵای دەم پارتی لە ئەنقەرە دەست بە زنجیرەیەک چاوپێکەوتن بکات بە ئامانجی خێراکردنی پرۆسەکە و دەستەبەرکردنی پشتگیرییە یاساییەکان بۆ چەسپاندنی ئاشتی و دیموکراسی.