رۆژنامەی مەدای عێراقی ئاشكرای دەكات، چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە كاندیدكردنی عەلی زەیدی بۆ پۆستی سەرۆكی حكوومەت، مەترسی كودەتایەكی دوور خستووەتە، كە 120 پەرلەمانتار بە نیازبوون لە دژی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە ئەنجامی بدەن. رۆژنامەكە عەلی زەیدی وەها پێناسە دەكات كە كاندیدێكە "باوكی سیاسی " نییە و ئەگەر شكست بهێنێت كە خۆی لێ ناكات بە خاوەن.
ئەمڕۆ چوارشەم 29ی نیسان رۆژنامەی
مەدا هەندێك زانیاری لەسەر كاندیدبوونی عەلی زەیدی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاشكرا دەكات، لەوانە دەڵێ دوو جۆر دانیشتن بووە، یەكێكیان لە لایەن فالح فەیاز بەڕێوە چووە، جاری یەكەم شكستی هێناوە و جاری دووەم كاندیدبوونی عەلی زەیدی لێ كەوتووەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی مەدا لە هەردوو كۆبوونەوەی كۆتایی تەنگژەیەكی قووڵ هەبووە، كەچی لەناكاو رێككەوتن كراوە و كاندیدێك كە لە پێشبینی كەس نەبووە، دەستنیشان كراوە. رۆژنامەی مەدا باس لەوەیش دەكات یەكێك لە هۆكارەكان ئەوە بوو، 120 پەرلەمانتاری شیعە پلانیان هەبووە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەڵگەڕێنەوە و لە دەرەوەی ئەو بەرەیە سوودانی كاندید بكەن، ئەمەیش هۆكار بووە لەوەی پەلە بكرێت لە كاندیدكردنی عەلی زەیدی.
رۆژنامەی مەدا زەیدی بە "كاندیدێك وەسف دەكات كە هیچ باوكێكی سیاسی نییە" و ئەگەریش دەسەڵات بگرێتە دەست ئەوا وەك بریكارێك دەبێت، لە سێبەرەوە دەسەڵات بەڕێوە دەبرێت، هەروەها مەدا باس لەوەیش دەكات بە دوور نازانرێت لە هەر كاتێك پشت لە زەیدی بكرێت و لە كاتی شكست كەس خۆی ناكاتە خاوەنی.
لە راپۆرتەكەی مەدا هاتووە، "بەگوێرەی ئەو لۆژیكە هیچ قەوارەیەك لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە بانكی پۆستەكان زەرەرمەند نابێت، چونكە بەگوێرەی ئەو تێگەیشتنەی كە نەنووسراوەتەوە، پۆستی سەرۆك وەزیران لە پشكی شیعە بە 35 كورسی بەدەست دێت. ئێستە دوای هەڵبژاردنی زەیدی ئەمە بەسەر 12 قەوارەكە دابەش دەكرێتەوە. لەوە دەچێت تیمەكەی سوودانی كە فەیاز و ئەحمەد ئەسەدی لەخۆ دەگرێت، زۆر لەوە نزیك بن لە قۆناغی داهاتوودا پشكی شێریان بەدەست بكەوێت"
سەبارەت بە هەڵوێستی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەر و سەرۆكی هاوپەیمانی ئاوەدانكردنەوە، رۆژنامەی مەدا دەڵێ، "سەرەڕای ئەوەی سوودانی دواتر رای گەیاند، ئامادەیی هەیە بۆئەوەی دەسەڵات بە ئاسان بگوازرێتەوە، ئەوا ئامادەنەبوونی لە ساتی راسپاردن نهێنییەكی كراوەیە، بە تایبەتی پێوەندییەكی سیاسی لە راستەوخۆ لە نێوانیان هەیە و براكەی زەیدی كە ناوی زیایە لەسەر لیستی سوودانی پەرلەمانتارە".
جیا لە سوودانی هەر یەكە لە عەمار حەكیم و هومام حەموودی و فالح فەیازیش لە مەراسیمی راسپاردن ئامادە نەبوون، ئەمەیش پرسیارەكانی سەر میكانیزمی هەڵبژاردنی عەلی زەیدی زیاتر دەكات، وەك مەدا دووپاتی لەسەر دەكاتەوە.
جا لەوەیش لە راپۆرتەكەی مەدا گومانی ئەوە دەكرێت، هەڵبژاردنی زەیدی تەنیا بۆ ئەوە بێت بۆشایی دەستووری تێپەڕێت.