دووشەمی رابردوو عەلی زەیدی لە لایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگی وەك كاندیدی سەرۆك وەزیرانی هاتە دیاریكردن و دوای ئەوە راستەوخۆ بۆ پێكهێنانی حكوومەت راسپێدرا، كۆبوونەوەی زەیدی لەگەڵ هێزە سیاسییەكان لە بەغدا دەستی پێ كردووە، توێژەرێكی سیاسیی كورد باسی داواكارییەكانی كورد لە حكوومەتی نوێی عێراق دەكات.
وەفا محەمەد كەریم توێژەری سیاسی و ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، پارتی پێشوازی لە راسپاردنی عەلی زەیدی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق دەكات، لە گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكوومەت سێ داواكاریی دەخاتە روو، دەركردنی یاسای نەوت و غاز و یەكلاكردنەوەی دۆسیەی مادەی 140 و مسۆگەركردنی پشكی كورد لە بودجەی عێراق لەسەر بنەمای رێژەی دانیشتووان.
روونی كردەوە، بەپێی نەریتی سیاسی كورد چوار وەزارەتی بەر دەكەوێت یەكێكیان سەروەرییە ئەویش وەزارەتی دەرەوەیە، هەركاتێك داوای ناوی كاندیدی وەزارەتەكان كرا، پارتی دیموكراتی كوردستان كۆ دەبێتەوە بۆ پێشكەشكردنی ناوەكان، لەوانە فوئاد حوسێن لەگەڵ خستنەرووی ناوی نوێ.
لای خۆیەوە سەڵاح كوبەیسی ئەندامی هاوپەیمانی سیادەی سوننە گوتی، عەلی زەیدی كار بۆ پێكهێنانی كابینەیەكی حكوومەتی پیشەیی و دوور گوشاری سیاسی دەكات، پێكهاتەی سوننە ئەنجوومەنێكی سیاسیی نیشتمانی هەیە و بۆ تاوتوێكردن و دابەشكردنی وەزارەتەكانی سوننە كۆ دەبێتەوە كە شەش وەزارەتن لەوانە بەرگری و پلاندانان.