وەزارەتی بەرگریی عێراق فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی لە ئاسمانی بەغدا خستە خوارەوە

:: PM:06:52:30/04/2026 ‌
ئەمڕۆ پێنجشەم 30ی نیسانی 2026، وەزارەتی بەرگریی عێراق ڕای گەیاند کە هێزەکانیان توانیویانە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی "نەناسراو" لە ئاسمانی بەری ڕەسافەی پایتەخت بخەنە خوارەوە.

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا کە دەست "وشە" کەوتووە، ڕای گەیاند لە سەعات 12:00ی نیوەڕۆی دوێنێ چوارشەم 29ی نیسانی 2026، یەکەکانی فەوجی یەکەم لە لیوای 45ی فیرقەی 11، توانییان فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی نەناسراو لە چوارچێوەی ناوچەی بەرپرسیارێتیی خۆیاندا لە بەری ڕەسافەی بەغدا چاودێری بکەن.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە، دوای چاودێریکردنی، دەستبەجێ هاوئاهەنگی لەگەڵ بارەگای فیرقەکە کراوە بۆ دڵنیابوونەوە لە ناسنامەی فڕۆکەکە، بەڵام دەرکەوتووە کە نەناسراوە. لەسەر ئەو بنەمایە، یەکەکانی سوپا بە بەکارهێنانی چەکی پاڵپشت ڕووبەڕووی بوونەوە و توانییان بەسەرکەوتوویی بیخەنە خوارەوە.


وشە - پۆڵا مەحموود