ئەمڕۆ هەینی یەکی ئایاری 2026، بەرپرسێکی باڵا لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، ڕای گەیاند کە ئەو ئاگربەستەی لە مانگی نیسانەوە لەگەڵ ئێران چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، کۆتایی بە کردەوە سەربازییەکانی نێوان هەردوو لایەن هێناوە، ئەوەش کاتێک پێوەندی بە یاسای دەسەڵاتەکانی شەڕەوە هەبێت.
مۆڵەتی ترەمپ تا ئەمڕۆ هەینی بوو بۆ ئەوەی کۆتایی بە شەڕ لەگەڵ ئێران بهێنێت یان پاساو بداتە کۆنگرێس بۆ درێژکردنەوەی، بەڵام پێدەچێت ئەو وادەیە تێپەڕێت بەبێ ئەوەی هیچ گۆڕانکارییەک لە ڕێڕەوی ململانێکاندا ڕوو بدات.
بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئەو بەرپرسە لە ڕوونکردنەوەی بۆچوونی ئیدارەی ئەمەریکادا گوتی، سەبارەت بە یاسای دەسەڵاتەکانی شەڕ، ئەو کردەوە سەربازییانەی ڕۆژی شەموو 28ی شوبات دەستیان پێ کرد، کۆتاییان هاتووە. ئاماژەی بەوەش دا کە لەو کاتەوەی ئاگربەستە ناسکەکە زیاتر لە سێ هەفتە لەمەوبەر دەستی پێ کردووە، هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەک لە نێوان هێزە چەکدارەکانی ئەمەریکا و ئێراندا ڕووی نەداوە.
پێشتر شیکەرەوان و یاریدەدەران لە کۆنگرێس پێشبینییان دەکرد کە ترەمپ، کۆنگرێس ئاگادار بکاتەوە بۆ درێژکردنەوەی ماوەکە بۆ 30 ڕۆژی تر، یان پشتگوێی بخات لەسەر ئەو بنەمایەی کە ئیدارەکە پێی وایە ئاگربەستەکە مانای کۆتاییهاتنی ململانێکانە.
ئەو یاسایە کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1973، مۆڵەتی 60 ڕۆژ دەداتە سەرۆک بۆ ئەنجامدانی کردەوەی سەربازی تا ئەو کاتەی داوای مۆڵەت لە کۆنگرێس دەکات، یان داوای درێژکردنەوەی دەکات بۆ 30 ڕۆژ بەهۆی پێویستییەکی حەتمیی سەربازی کە پێوەندی بە سەلامەتیی هێزە چەکدارەکانەوە هەبێت.
شەڕ لەگەڵ ئێران بە هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل و ئەمەریکا لە 28ی شوبات دەستی پێ کرد. ترەمپ دوای 48 سەعات بەفەرمی کۆنگرێسی ئاگادار کردەوە، ئەمەش وای کرد مۆڵەتە 60 ڕۆژییەکە لە یەکی ئایاردا کۆتایی بێت. لەلایەکی ترەوە پیت هێگسێت وەزیری بەرگریی ئەمەریکا، دوێنێ پێنجشەم لە دانیشتنێکی ئەنجوومەنی پیراندا گوتی، تێگەیشتنی ئەو وایە کە مۆڵەتی 60 ڕۆژەکە لە کاتی ئاگربەستدا وەستاوە، بەڵام دیموکراتەکان ئەمەیان ڕەت کردەوە و گوتیان هیچ دەقێکی یاسایی لەم بارەیەوە نییە.
دەستووری ئەمەریکا پێڕەوی لەوە دەکات کە تەنیا کۆنگرێس، نەک سەرۆک، دەسەڵاتی ڕاگەیاندنی شەڕی هەیە، بەڵام ئەم کۆتوبەندە ئەو ئۆپراسیۆنانە ناگرێتەوە کە وەک کورتخایەن یان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی ڕاستەوخۆ پۆلێن دەکرێن. پارتی کۆماری کە ترەمپ سەر بەو پارتەیە، زۆرینەیەکی کەمی لە هەردوو ئەنجوومەنەکەی کۆنگرێسدا هەیە، سەرباری ئەوەی دیموکراتەکان چەندان جار هەوڵیان داوە بڕیار دەربکەن بۆ ناچارکردنی ترەمپ بە کێشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا یان وەرگرتنی مۆڵەت، بەڵام کۆمارییەکان بەردەوام ڕێگرییان لەو هەوڵانە کردووە.