ترەمپ: بەکرداری بەسەر ئێراندا سەرکەوتووین و هەموو شتێکیانمان لەناو بردووە

:: AM:10:34:01/05/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی یەکی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕای گەیاند کە وڵاتەکەی بەکرداری بەسەر ئێراندا سەرکەوتووە، بەڵام دەیانەوێت ئەو سەرکەوتنە بە جیاوازییەکی زۆر گەورە بێت.

ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "نیوزماکس"ـی ئەمەریکی گوتی، ئێمە بەکرداری بەسەر ئێراندا سەرکەوتووین، بەڵام دەمانەوێت سەرکەوتنەکە بە جیاوازییەکی گەورە بێت. هێزی دەریایی و هێزی ئاسمانییان، هەروەها هەموو شتێکمان لەناو برد. ئەگەر سەیری ئامێرە دژەفڕۆکەکانیان، کەرەستەی ڕادارەکانیان و فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردنیان بکەیت، سەرکردایەتییەکەیان لەناو برا و هەموو شتێکمان لەناو برد.

سەرۆکی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە کە ئێران لە ڕووی سەربازی و ئابوورییەوە زۆر ماندوو بووە، ئاماژەی بەوەش دا کە تەنیا بە زامنکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەیان دەکرێت ئەنجامێکی بەردەوام بەدەست بهێنرێت.

لە کۆتایی قسەکانیدا ترەمپ ئەوەشی خستە ڕوو، تواناکانی ئێران بۆ چاککردنەوەی ئەو زیانانەی پێی گەیشتووە زۆر لاواز بووە. زیاتر گوتی، "ئەگەر تەنانەت ئێستەش بکشێینەوە، پێویستیان بە 20 ساڵ دەبێت بۆ دووبارە بونیادنانەوە، ئەوەش ئەگەر لە بنەماوە بتوانن خۆیان بونیاد بنێنەوە."


وشە - پۆڵا مەحموود