ئیمارات: ناکرێت متمانە بە ئێران بکرێت بۆ بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز

:: AM:11:58:01/05/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی یەکی ئایاری 2026، حكوومەتی ئیمارات دووپاتی کردەوە کە بە هیچ شێوەیەک ناکرێت متمانە بە ئێران بکرێت سەبارەت بە بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز.

ئەنوەر گەرگاش ڕاوێژکاری دیپلۆماسیی سەرۆکی ئیمارات، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" ڕای گەیاند، ناکرێت متمانە بە هیچ ڕێکخستنێکی تاكلایەنە بکرێت کە ئێران بیگرێتە بەر، یان پشتی پێ ببەسترێت سەبارەت بە ئازادیی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز، ئەوەش دوای ئەو دەستدرێژییە دڕندانەیەی کردوویەتە سەر گشت دراوسێکانی.

ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ پێنجشەم، موجتەبا خامنەیی ڕێبەری ئێران، ڕای گەیاندبوو کە بەڕێوەبردنێکی نوێ بۆ گەرووی هورمز جێبەجێ دەکەن کە ئارامی و سوودی ئابووری بۆ ناوچەکە دەهێنێت. لە هەمان کاتدا دووپاتی لە سووربوونی وڵاتەکەی کردەوە بۆ پاراستنی ناوچەی کەنداو، ئەوەش هاوکات بوو لەگەڵ داواکارییەکانی هێزە سەربازییەکانی ئێران بۆ دوورخستنەوەی هێزە بیانییەکان لە ناوچەکە، لە سایەی پەرەسەندنی گرژییەکان لەگەڵ ئەمەریکادا.

پێشتر و لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا تاران پێشنیازی کردبوو گەرووەکە بکاتەوە لە بەرانبەر هەڵگرتنی گەمارۆی ئەمەریکا بۆ سەر بەندەرەکانی و کۆتاییهێنان بە شەڕ، لەگەڵ دواخستنی گفتوگۆکان لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی، بەڵام ئەمە لەلایەن واشنتنەوە قبووڵ نەکرا و تەلئەبیبیش چاوەڕوانی شکستی گفتوگۆکان دەکات.

بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، بەرپرسێکی باڵا لە کۆشکی سپی ئاشکرای کرد کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، "پلانێکی نوێ"ـی خستووەتە ڕوو بەمەبەستی گەڕاندنەوەی جووڵەی ئاساییی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکان لەم ڕێڕەوە گرنگەی وزەی جیهاندا.


وشە - پۆڵا مەحموود