یەكێك لە دۆسیە هەستیار و گرنگەكانی چاوەڕوان حكوومەتی نوێی عێراق دەكات، میلیشیاكان و گرووپە چەكدارە یاساشكێنەكانە، كە بە بەردەوام سەرئێشەیان بۆ حكوومەتی عێراق دروست كردووە و تووشی شەرمەزارییان كردووە، هاوكات هیچ حكوومەتێك نەیتوانیوە دەستیان بۆ ببات، پەرلەمانتارێك دەڵێت پێویستە حكوومەتی نوێ بە دەستوور دۆسیەی ئەوان چارەسەر بكات.
فەیسەڵ عیساوی پەرلەمانتاری سوننە ئاماژە دەكات كە راسپاردنی عەلی زەیدی بۆ سەرۆكایەتیكردنی حكوومەتی نوێ، گۆڕانكاری و بازدانێكی نائاسایی بوو لە هزری چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا، پێویستە حكومەتی نوێ لە رێگەی گەڕانەوە بۆ دەستوور و لێكگەیشتنی هێزە سیاسییەكانەوە دۆسیەی میلیشیاكان چارەسەر بكات، كە عێراق بەرەو شەڕ و ململانێی ناوچەكە رادەكێشن.
روونی كردەوە، ئەزموونی حكوومەتەكانی پێشوو دەریان خست كە رەنگە سەرۆك وەزیران خواستی چارەسەركردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەكانی هەبێت، بەڵام هێزە سیاسییەكان بەربەستی بۆ دروست دەكەن، ئێستە عەلی زەیدی لەبەردەم ئاڵنگارییەكی گەورەیە و دەبێت دامەزراوە فەرمییە تەناهییەكان لە گرووپە چەكدارەكان جیا بكرێنەوە، بەتایبەتی بڕیاری چوونە ناو شەڕ و راكێشانی عێراق بۆ ناو ململانێ دەرەكییەكان، دەبێت بۆ دەستوور و لێكگەیشتنی هێزە سیاسییەكان و دەوڵەت و دامەزراوە تایبەتمەندەكان بگەڕێتەوە.