هەفتەی رابردوو چوارچێوەی هاوئاهەنگی عەلی زەیدی وەك كاندیدی بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق دیاری كرد و بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت هاتە راسپاردن، ئێستە دەستی بە دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی عێراق كردووە و ئەمڕۆ شەموو سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد، راوێژكارێكی حكوومەتی هەرێم پێی وایە ئەركی سەرەكیی زەیدی دانانی بەرنامەیەكی ویزارییە بەرجەستەی بەرژەوەندیی هەموو پێكهاتەكان بكات.
د. دژوار فایەق گوتی، پێویستە یەكێك لە ئەركە لەپێشینە و سەرەكییەكانی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عێراق دانانی بەرنامەیەكی ویزاری گشتی و فرەوان بێت كە بەرجەستەی بەرژەوەندیی تەواوی پێكهاتەكان بكات بێ جیاوازی ناوچەیی، دووپاتی لە بەشداریكردنی كارای كورد لە دانانی بەرنامەی ویزاری و دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت كرد، داوای كرد كە كێشە سیاسییەكان تێكەڵ بە بابەتەكانی مووچە و بودجە نەكرێت.
فایەق روونی كردەوە، نابێت لەسەر بنەمای ژمارەی كوردسییەكان یان وەك كەمینە مامەڵە لەگەڵ كوردستان بكرێت، بەڵكو پێویستە وەك قەوارەیەكی فیدراڵی و دەسەڵاتە دەستووریی و فیدراڵییەكانی هەرێم مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، پێویستە پشكی هەرێم لە بودجەی فیدراڵی لەسەر بنەمای دوایین ئاماری دانیشتووان لە 20ی تشرینی دووەمی 2024 دیاری بكرێت، چارەسەری مووچە و شایستە داراییەكانی پێشمەرگە و دابینكردنی چەك و كەرەستە سەربازییەكانیان بۆ بكرێت.
ئەو راوێژكارەی حكوومەتی هەرێم ئاماژەی كرد كە پێویستە جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستوور پەلەی لێ بكرێت و سەرۆكی لیژنەكە كورد بێت و كورد بەشداری كارای تیادا هەبێت، داوای دانان و دەركردنی یاسای نەوت و غازی بەپێی مادەی 112ی دەستووری عێراق كرد، بەو شێوەی مسۆگەری بەشداریكردنی هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەكان لە داڕشتنی سیاسەتی نەوتی لە عێراق و جێبەجێكردنی بكات.
داوای هەمواركردنی یاساكانی هەڵبژاردن دادگای فیدراڵی و پێكهێنانی ئەنجوومەنی هەرێمەكان وەك دووەم ژووری یاسادانان كرد، لەپاڵ هێشتنەوەی چەك تەنیا لای دەوڵەت پێداچوونەوە بە هەڵوێستی فەرمی بەرانبەر بەو هێرشانەی لە ناوەوەی عێراق لە كاتی شەڕی ئێران كرایە سەر هەرێمی كوردستان و مسۆگەری دووبارەنەبوونەوەیان.