دووشەمی رابردوو عەلی زەیدی وەك كاندیدی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران دیاری كرا و هەر ئەو رۆژە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق هاتە راسپاردن، تا ئێستە تەواوی هێزە سیاسییە عێراقییەكان پێشوازییان لە راسپاردنی كردووە و ئەمەریكا و بەریتانیا و ئێران و وڵاتانی دنیاش بە هەمان شێوە، شرۆڤەكارێك پێی وایە پرۆسەی پێكهێنانی حكوومەت بێ كێشە بەڕێوە دەچێت.
وائیل روكابی شرڤەكاری سیاسی دووپاتی كردەوە كە تا ئێستە دۆسیەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق زیادكردنی وەزارەتی نوێ لەخۆ ناگرێت، هەرچی دابەشكردنی پۆستە ویزارییەكانە، لەسەر بنەمای ئەنجامی هەڵبژاردن و لێكگەیشتنی سیاسی دەبێت، هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكوومەتی ئەرێنین و گەیشتنی عەلی زەیدی بۆ هەولێر و و دیدارە سیاسییەكانی لەوێ و هی پێشتری لە بەغدا، بەرجەستەی پێشوەچوون لە گفتوگۆكان دەكات.
رووكابی پێی وایە كە وەزارەتی نوێ دروست نەكرێت و دابەشكردنی پۆستەكانیش لە ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەپێی بەركەوتەی هەڵبژاردنە، پێشبینی كرد شیعە 12 وەزارەتیان بەر بكەوێت و بەپێی ئەنجامی دەنگدان دابەش دەكرێن، بەڵام تا ئێستە رێككەوتنی كۆتایی لەسەر نا و ناونیشانی وەزارەتەكان نەكراوە.
لەوكاتەی هەواڵەكان باسی ئەوە دەكەن كە ئەمەریكا داوای لە عەلی زەیدی كردووە بۆ دوورخستنەوەی میلیشیاكان لە پێكهاتەی حكوومەتەكەی، ئەمڕۆ زەینەب مووسەوی ئەندامی فراكسیۆنی سادیقوونی سەر بە عەسائیب ئەهلولحەق گوتی، ئێمە لە كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق داوای هەردوو وەزارەتی پەروەردە و پیشەسازی و و كانزاكان لە چوارچێوەی بەركەوتەی هەڵبژاردن دەكەین.