ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆری ئەمەریكی ئاشكرای دەكات، بەڕێوەبەری دۆسیەی عێراق لەلایەن تۆم باراكەوە، بووە هۆی كاندیدبوونی عەلی زەیدی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق و ئامانجیش ئەوەیە پێوەندی عێراق لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە بەهێز بكاتەوە.
ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆر لە
راپۆرتێكدا شەوی رابردوو بڵاوی كردووەتەوە، بەهۆی سیاسەتەكانی تۆم باراك نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ كاروباری عێراق، عەلی زەیدی كاندید كراوە، ئامانجەكەیش ئەوەیە عێراق بگەڕێتەوە هەرێمەكە و پێوەندی لەگەڵ وڵاتانی تری وەك توركیا وسووریا ئاسایی بكاتەوە.
ماڵپەڕەكە باسی لەوەیش كردووە، ئەمەریكا پەیامی بە لایەنەكانی عێراق داوە، نابێت لە پێكهێنانی حكوومەتی عێراق هیچ یەكێك لەو لایەنانە بەشدار بن كە لە لیستی سزاكانی ئەمەریكادان.
ناوەڕاستی هەفتەی رابردوو چوارچێوەی هاوئاهەنگی عەلی زەیدی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق كاندید كرد، هەر ئەو كات لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە زەیدی بۆ پێكهێنانی حكوومەت هاتە راسپاردن.