سەرۆكی كۆمیتەی نۆبڵی نەرویج، نیگەرانیی خۆی لە خراپیی دۆخی تەندروستیی نێرگز محەمەدی دەربڕی و داوا لە دەسەڵاتدارانی ڕژێمی ئێران دەكات، بۆ چارەسەركردنی بگوازرێتەوە بۆ تاران.
یورگن فاتنە فریدنز سەرۆكی كۆمیتەی نۆبڵی نەرویج لەبارەی بارودۆخی نێرگز محەمەدی، بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە و هۆشداریی دەدات.
یورگن فاتنە فریدنز ڕای گەیاند، داوا لە كاربەدەستانی ئێران دەكەین، دەستبەجێ ڕازی بن بە گواستنەوەی نێرگز محەمەدی بۆ تاران بۆ بەردەوامی چارەسەركردنەكەی لە نەخۆشخانە.
ئاماژەی بەوەش كرد، ڕازی نەبوون بە گواستنەوەی نێرگز لە نەخۆشخانەیەكی شاری زەنجان بۆ تاران، هەڕەشەیە بۆ سەر ژیانی، ئێستە ژیانی نێرگز لە دەستی دەسەڵاتدارانی ئێراندایە.
یورگن فاتنە فریدنز سەرۆكی كۆمیتەی نۆبڵی نەرویج دووپاتی لەوە كردەوە، لیژنەی نۆبڵ پێوەندیی بەردەوامی لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەری نێرگز محەمەدی هەیە.
جێی ئاماژەیە ڕۆژی هەینی ڕابردوو، نێرگز محەمەدی لە گرتووخانەی زەنجان دوای ئەوەی دووجار بێهۆش بوو، تووشی جەڵتەی دڵ بووە و بەپەلە بۆ نەخۆشخانەیەكی زەنجان گواستراوەتەوە.
بە گوتەی مستەفا نیلی پارێزەری نێرگز محەمەدی، داواكاری گشتیی تاران ڕێگریی لە گواستنەوەی محەمەدی دەكات بۆ تاران، بە پێچەوانەی بۆچوونی پزیشكی دادوەری و پسپۆڕان كە دووپاتیان لەسەر پێویستی چارەسەری نێرگز محەمەدی لە تاران و لە ژێر چاودێری پزیشكی كەسیدا كردووەتەوە.