لە بەغدا و بەسرە خۆپێشاندانە

:: AM:09:50:04/05/2026 ‌
بەیانی ئەمڕۆ دووشەم بەغدای پایتەخت و بەسرەی ئەوپەڕی باشووری عێراق، خۆپێشاندان گەنجان و دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگەكانی بەخۆیەوە بینی كە داوای دامەزراندن و ڕەخساندنی دەرفەتی كار دەكەن.

لە بەغدا دەرچووانی گرووپە پزیشكی و تەندروستی و پەرستارانی ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 لە بەردەم تەلاری وەزارەتی تەندروستیی عێراق، خۆپێشاندانیان ساز كرد و داوایان كرد كە لە داودەزگە تەندروستییە حكوومییەكان دابمەزرێنرێن.

لەلایەكی ترەوە لە شاری بەسرە كە بە شادەماری ئابووری عێراق هەژمار دەكرێت و كەوتووەتە ئەوپەڕی باشووری وڵاتەوە، گەنجان خۆپێشاندانێكیان لە بەردەم دەروازەی كۆمپانیای پاڵاوگەكانی باشوور ڕێكخست، ژمارەیەك لە كرێكارانی پڕۆژەی ئێف سی سی داوایان كرد كە دەرفەتی كاركردن و دامەزراندنیان بۆ بڕەخسێنرێت.

خۆپێشاندەران ڕێگەكانی گەیشتن بە بارەگای كۆمپانیای پاڵاوگەكانی باشووریان لە بەسرە داخست، ئەمەیش بووە هۆی ئەوەی كارمەندانی كۆمپانیاكە نەتوانن بچنە سەر كارەكانیان و ئەو كرێكارانەیشی كە لەسەر كاربوون، نەیانتوانی بگەڕێنەوە ماڵەوە و كاروانێكی تر كارمەند بچنە شوێنەكانیان. لەتەك ئەوەیشدا ڕێوشوێنی تەناهی توند گیراوەتەبەر.


وشە - باز ئه‌حمه‌د