ماڵپەڕی كەناڵی "العربی" قەتەری، میكانیزمی دابەشكردنی 23 وەزارەتی حكوومەتی نوێی عێراق روون دەكاتەوە كە بڕیارە عەلی زەیدی سەرۆكایەتی بكات و پشكی كوردیش چوار وەزارەتە.
ئەمڕۆ دووشەم چواری ئایار ماڵپەڕی
"العربی"، میكانیزمی دابەشكردنی وەزارەتەكان بەسەر پێكهاتەكان روون دەكاتەوە، لە سەرەتا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات وەزارەتەكان بەگوێرەی گرنگییەكەیان بەسەر سێ كۆمەڵە دابەش دەبن: بۆ بەدەستهێنانی هەر وەزارەتێكی كۆمەڵەی A ئەو لایەنەی دەیەوێ وەزارەتەكە وەربگرێت، دەبێت 14 خاڵی هەبێت، بۆ كۆمەڵەی B پێویستی بە 12 خاڵ دەبێت، بۆ گرووپی C پێویستی بە 10 خاڵ دەبێت.
ماڵپەڕەكە چۆنیەتیی بەدەستهێنانی ئەو خاڵانەی روون نەكردووەتەوە، بەڵام پێشتر میدیای عێراقی باسی لەوە كردووە هەر دوو كورسیی لایەنێك بە خاڵێك بۆی هەژمار دەكرێت، واتە ئەگەر خوازیار بێت پۆستێكی 10 خاڵی بێت، ئەوا دەبێت 20 كورسی لە پەرلەمان هەبێت.
كۆمەڵەی A وەزارەتە گرنگەكان دەگرێتەوە كە بە "سیادی" ناو دەبرێن، ئەوانیش هەریەكە لە دارایی، دەرەوە، بەرگری، ناوخۆ، نەوت، پلاندانان.
لە میكانیزمەكەدا دوای هەژماركردنی خاڵ بۆ هەر وەزارەتێك، ئەوا چۆنیەتیی دابەشكردنی بەسەر پێكهاتەكان روون دەكرێتەوە، هەڵبەتە لە 23 وەزارەت نیوەی بۆ پێكهاتەی شیعە دەبێت، واتە 11 یان 12 وەزارەت بە شیعە دەدرێت كە ئەمانەن: نەوت، دارایی، ناوخۆ، پەروەردە، گواستنەوە، سەرچاوەكانی ئاو، كارەبا، كاروباری كۆمەڵایەتی، تەندروستی، گەیاندن، رۆشنبیری.
بۆ پێكهاتەی سوننە شەش وەزارەتە كە لەوانەیە ئەمانە بێت: خوێندنی باڵا، بەرگری، كشتوكاڵ، پلاندنان، بازرگانی، وەرزش و لاوان.
بۆ پێكهاتەی كورد چوار وەزارەت: دەرەوە، ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، داد، ژینگە. بەگوێرەی پێكاتەی كابینەكانی پێشوو دەركەوتووە، ئەو چوار وەزارەتەیش بۆ پارتی و یەكێتی دەبێت لە كابینەی سوودانی دوو وەزارەت: دەرەوە و ئاوەدانكردنەوە بۆ پارتی و دوو وەزارەتەكەی تریش بۆ یەكێتی بووە.
بۆ كۆتایش یەك وەزارەتە كە رەنگە كۆچ و كۆچبەران بێت.
ئەو میكانیزمەی سەرەوە بە تەواوی یەكلاكەرەوە نییە، رەنگە گۆڕانكاریی بەسەر بێت. چونكە بە بەراورد بە كابینەی ئێستە، هەندێك گۆڕانكاریی كراوە لەوانە لە كابینەی سوودانی وەزارەتی پەروەردە بۆ سوننە بووە و خوێندنی باڵا بۆ شیعە بە دیاریكراوی بۆ عەسائیب بووە، كەچی ئەمجارە ئەگەری هەیە خوێندنی باڵا بە سوننە بدرێت و پەروەردە بە شیعە.
چاودێرانی سیاسی دەڵێن، دوای پۆلینكردنی وەزارەتەكان بەگوێرەی گرنگییان و دیاركردنی خاڵ بۆ بەدەستهێنانی هەر وەزارەتێك، دواتریش دابەشكردنی وەزارەتەكان بەسەر پێكهاتە سەرەكییەكانی عێراق، ئینجا ئاڵۆزترین قۆناغ دێتە پێشەوە، ئەویش دابەشكردنی وەزارەتەكان بەسەر حزبەكان كە زۆرجار كێشە و كێبەركێ لێرەوە دروست دەبێت.
هەفتەی رابردوو چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە عەلی زەیدی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران دیاری كرد، دواتریش سەرۆك كۆمار عەلی زەیدی راسپارد بۆ پێكهێنانی حكوومەت و ئێستەیش لایەنەكان گفتوگۆ بۆ دابەشكردنی وەزارەتەكان دەكەن.