ئەمەریكا هەواڵی هێرشە مووشەكییەكەی ئێران رەت دەكاتەوە

:: PM:01:23:04/05/2026 ‌
ئێران بە فەرمی رای گەیاند، دوو مووشەكی ئاراستەی كەشتییەكی جەنگی ئەمەریكا كردووە، كەچی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمەریكا تەواوی زانیارییەكانی ئێران رەت دەكاتەوە و دەڵێ‌، "هیچ هێرشێك نەكراوەتە سەر كەشتییەكانمان".

ئەمڕۆ دووشەم چواری ئایار، سوپای پاسدارانی ئێران نەخشەیەكی بڵاو كردووەتەوە و لە راگەیەنراوێكیشدا ئەو شوێنانە دیاری دەكات كە لەلایەن هێزەكانی ئێرانەوە كۆنترۆڵ كراون، بەگوێرەی نەخشەكە دوو ئاراستە دیاری كراوە:

لە باشوورەوە: هێڵی جیاكەرەوەی نێوان جەبەل موبارەك لە ئێران و باشووری فوجەیرە لە ئیمارات، لە رۆژئاواوە هێڵی جیاكەرەوەی كۆتایی دووری قشم لە ئێران و ئەم قەیوین لە ئیمارات.

بارەگای خاتم ئەنبیا لە راگەیەنراوێكدا دەڵێ‌، "تەناهیی هورمز بەدەست خۆمانەوەیە و هەر تێپەڕبوونێك دەبێت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەكانمان بێت، هۆشداری بە هەر هێزێكی بیانی دەدەین بە تایبەتی ئەمەریكا، ئەگەر بیەوێ‌ نزیك بێتەوە و بچێتە گەرووەكە، ئەوا هێرشی دەكەینە سەر".

ئاژانسی فارس بڵاوی كردووەتەوە دوو مووشەكی ئێران بەر كەشتییەكی سەربازی ئەمەریكی كەوتووە، كاتێك ویستوویەتی بە هورمز تێپەڕێت. ئێران دەڵێ‌ كەشتییەكمان ناچار كرد بەرەو دواوە بكشێتەوە. ئاژانسی فارس دەشڵێ‌، كەشتییە ئەمەریكییەكە پرۆتۆكۆلی ئاسایشی دەریایی فەرامۆش كرد بوو لە شاری جاسك نزیك دەبووە.

هاوكات فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمەریكا راگەیاند، هیچ كەشتییەكی سەربە هێزی دەریایی ئەمەریكا هێرشی نەكراوەتە سەر و مووشەكی بەرنەكەوتووە.



 





وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل