سێ سەرچاوەی ئاگادار ئاشكرایان كرد، هەڵسەنگاندنەكانی هەواڵگریی ئەمەریكا ئاماژە بەوە دەكەن، ئەو ماوەیەی ئێران پێویستیەتی بۆ دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمی، لە هاوینی ڕابردووەوە گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە، ئەمەیش لە كاتێكدایە شرۆڤەكاران دووپات لەوە دەكەنەوە، بۆردمانی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە دوو مانگی ڕابردوودا خشتەی كاتی دەستگەیشتنی ئێران بە بۆمبی ئەتۆمی بۆ ماوەی ساڵێك درێژتر كردووەتەوە.
تا ئێستەیش
هەڵسەنگاندنەكان لەبارەی بەرنامەی ناوكیی تاران ئەوە دەردەخەنەڕوو كە گۆڕانی گەورە لە كاتی پێویست بۆ دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە دروست نەبووە، دوای ئەوەی دوو مانگ ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆردمانی ئێرانیان كرد، تا ڕێگریی لە تاران بكەن پەرەی زیاتر بە بەرنامە ناوكییەكەی بدات و بتوانێ بۆمبی ئەتۆمی دروست بكات.
هێرشی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە 28ی شوبات/فێبرایەری ڕابردوو تا هەشتی نیسان/ئەپریل، ئامانجە سەربازییە گشتییەكانی بۆردمان كرد، تەنیا ئیسرائیل چەند جارێك ژمارەیەك وێستگەی ناوكی گرنگی ئەو وڵاتەی كردە ئامانج، ئەمەیش نەبووە هۆی ئەوەی تاران زیاتر دوور بخاتەوە، لەو كاتەی پێویستیەتی بۆ دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمی، هەواڵگریی ئەمەریكا دووپات لەوە دەكاتەوە، پەكخستنی تەواوەتی بەرنامەی ناوكی ئێران و ڕێگرتن لە دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمی لەلایەن ئەو وڵاتەوە، پێویستی بە وێرانكردنی كۆگەی یۆرانیۆمی پیتێنراو یان بردنە دەرەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراوە لەو وڵاتە.
لە جەنگی 12 ڕۆژەی ساڵی ڕابردوو، هەواڵگریی ئەمەریكا هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی بەرنامەی ناوكی وڵاتەكە كرد و دووپاتی كردەوە، تاران سێ تا شەش مانگی پێویستە تا بۆمبی ئەتۆمی دروست بكات، بەڵام لە ئەنجامی بۆردمانەكانی ئەوكات، ئەو ماوەیە بۆ نۆ مانگ تا ساڵێك درێژ بووەوە. لە ئەنجامی هێرشەكانی ئەمساڵیش گۆڕانی گەورە بەسەر ئەو ماوەیە نەهاتووە كە ئێران بۆ دەسكەوتنی بۆمبی ئەتۆمی پێویستیەتی.